هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ڕاییکردنی خێرای مامەڵەی هاوڵاتییان، سیستەمی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ بەشی مۆڵەت دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هاوڵاتییان دەتوانن ڕۆژانی شەممە کاتژمێر ٧ی ئێوارە سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی هاتوچۆی سلێمانی بکەن و بۆ یەکێک لە ڕۆژانی هەفتە نۆرە بگرن. سیستەمەکە تایبەتمەندی ناسینەوەی کەسیی تێدایە و تەنها ئەو کەسەی نۆرەی گرتووە دەتوانێت لە ڕۆژی دیاریکراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکات.
هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم خزمەتگوزارییە لە سەرەتادا بەشێوەیەکی ئەزموونی کاری لەسەر دەکرێت و لە کاتی هەر گۆڕانکارییەکدا هاوڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە."
هەنگاوەکانی نۆرەگرتن:
١. کردنەوەی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی و کلیککردن لەسەر "بەشی نۆرەگرتن".
٢. نووسینی ناوی سیانی بە ڕێنووسی کوردی و ژمارەی تەلەفۆن.
٣. گرتنی وێنەیەکی ڕووبەڕووی کەسی سەردانیکەر لەڕێگەی ماڵپەڕەکەوە.
٤. دیاریکردنی ڕۆژی سەردانیکردن و وەرگرتنی فۆرمی کۆتایی کە (QR Code)ی تێدایە.
لەکاتی سەردانیکردندا، لەڕێگەی ئامێری خوێنەرەوە زانیارییەکانی هاوڵاتی پشکتڕاست دەکرێنەوە و دواتر ڕێگەی پێ دەدرێت مامەڵەکەی ڕایی بکات.