دواین هەواڵ

جیهان‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

ئابووریی ئێران لە لێواری هەرەسهێنانە؛ هۆشدارییە توندەکانی ئەمریکا بۆ تاران بەردەوامە

هەرێم نیوز

سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئابووریی ئێران بەهۆی هەڵئاوسانی بەرز و سزاکانی واشنتۆنەوە لە لێواری هەڵوەشانەوە و هەرەسهێنانی تەواوەتی دایە.

وەزیری خەزێنە لە لێدوانێکدا جەختی لە هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ کردەوە و وتی، ئەمە ساتێکی زۆر هەستیار و پڕ لە گرژییە و ترەمپ نایەوێت ڕژێمی تاران هیچ ئازارێک بە خۆپیشاندەران بگەیەنێت.

بێسێنت ئاماژەی بە هەڕەشە ڕاستەوخۆکەی ڕۆژی یەکشەممەی ترەمپ کرد کە وتبووی، ئەگەر حکومەتی ئێران دەست بکات بە کوشتنی خەڵک، ئەمریکا بە توندترین شێوە هێرش دەکاتە سەر تاران.

سەرۆکی ئەمریکا پێشتر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو کە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و ئەگەر وەک ڕابردوو دەست بۆ خوێنی خەڵک ببرێت، وەڵامی سەربازیی واشنتۆن زۆر توند دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لە نۆ ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی بازاڕی تاران کە بەهۆی داڕمانی بەهای تمەن دەستیپێکردووە، تا ئێستا لانی کەم ٢٥ کەس کوژراون.

ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییەکان کە بە گەورەترین جووڵەی سێ ساڵی ڕابردوو دادەنرێت، بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردن، سزاکانی ڕۆژئاوا و نەبوونی ئازادییە سیاسییەکان پەرەی سەندووە.

بەرپرسانی ئێران دانیان بە کێشە ئابوورییەکاندا ناوە، بەڵام هاوکات هێزە دەرەکییەکان بە هاندانی خەڵک تۆمەتبار دەکەن و سەرۆکی دەزگای دادوەریش هەڕەشەی سزادانی توندی لە خۆپیشاندەران کردووە.

وەزیری خەزێنەی ئەمریکا دەڵێت کۆمەڵگەی ئێران کە پێشتر ئاستێکی بەرزی ژیانی هەبووە ئێستا بەرەو وێرانبوون دەچێت و دیار نییە تاران چۆن تێچووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دابین دەکات.

هەڕەشە نوێیەکانی ترەمپ بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران لە کاتێکدایە کە حەوت مانگ لەمەوبەر، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگێکی ١٢ ڕۆژەدا بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆردومان کردبوو.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP