هەرێم نیوز
ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران پێ دەنێتە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدار. بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە جیهانییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جدی بیر لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە ناوخۆی ئێران دەکاتەوە.
هەماهەنگیی تەل ئەڤیڤ و واشنتن
ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل خراوەتە حاڵەتی "وپەڕی ئامادەباشی" بۆ ئەگەری هەر دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا لە ئێران.
ئەمە دوای ئەوە دێت کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و مارک ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە وردی باسیان لە سیناریۆکانی دەستوەردان کردووە.
بژاردەکانی سەر مێزی ترەمپ
ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە، ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێداچوونەوەی بۆ چەند بژاردەیەک کردووە، کە دیارترینیان بریتین لە:
• ئاڕاستەکردنی گورزێکی سەربازیی سنووردار بۆ سەر ئامانجە ناسەربازییەکان لە تاران.
• کردنە ئامانجی ڕاستەوخۆی ئەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنن.
پشتگیری بۆ خۆپیشاندەران
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی ئێران کە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە پێی ناوەتە هەفتەی دووەم. سەرۆکی ئەمریکا لە چەندین پەیامدا پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیوە و هۆشداریی توندی داوەتە تاران کە پەنا بۆ کوشتنی ناڕەزایەتییەکان نەبات.