دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

لە خۆپیشاندانەکانی ئێران 203 کەس کوژراون

هەرێم نیوز

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری چالاکوانانی مافی مرۆڤەوە ڕایگەیاند، لە سێیەم هەفتەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە لانی کەم 203 کەس، کە چاودێران پێیان وایە ئامارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە کۆی ئەو ژمارەیە 162 کەسیان لە خۆپیشاندەرانن و 41 کەسیشیان لە هێزە ئەمنییەکانن، هاوکات تا ئێستا زیاتر لە 3200 کەس لە شارە جیاوازەکاندا دەستبەسەر کراون.

لە بەرامبەر پەرەسەندنی گرژییەکان و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پشتگیریکردنی خۆپیشاندەران، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند، لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بنکە و هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە و هەروەها ئیسرائیل، دەبنە "ئامانجی ڕەوای" هێزە چەکدارەکانی ئێران.

ئەم هەڕەشەیەی قالیباف دوای ئەوە هات کە ترەمپ ئامادەیی واشنتۆنی بۆ هاوکاریکردنی ناڕازییان نیشان دا.

میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە چەند بژاردەیەکی سەربازی دژی ئێران خراونەتە بەردەم ترەمپ، هەرچەندە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە نەدراوە.

دۆخەکە لە ئێران بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت، لە کاتێکدا حکومەتی ئێران جەخت لەسەر بەرپەرچدانەوەی هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی دەکاتەوە و خۆپیشاندەرانیش لەسەر شەقامەکان بەردەوامن لە داواکارییەکانیان.


 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP