دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

قالیباف: لە چوار بەرەدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە شەڕداین و بنکەکانیان دەکەینە ئامانج

هەرێم نیوز

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (ئەنجومەنی شورای ئیسلامی)، لە پەیامێکی تونددا هۆشداریی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕایگەیاند، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ئێران وەڵامێکی ڕاستەوخۆ و وێرانکەری دەبێت.

قالیباف ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا وڵاتەکەی لە "چوار بەرەی جیاوازدا" لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە شەڕێکی سەرتاسەریدایە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە دوژمنانی ئێران دوای شکستی سەربازی، ئێستا پەنایان بۆ "شەڕێکی تیرۆریستی" هاوشێوەی داعش لە ناوخۆی وڵات بردووە و دەیانەوێت داواکارییەکانی خەڵک بۆ ناسەقامگیری بقۆزنەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە، لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، نەک هەر ئیسرائیل، بەڵکو تەواوی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەونە ناو مەودای ئامانجەکانی ئێران. وتیشی: "ئەوانەی ئەم شەڕە تیرۆریستییەیان خولقاندووە، ڕاستەوخۆ بژێوی و ئابووریی خەڵکی ئێرانیان کردووەتە ئامانج."

قالیباف ڕەخنەی لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ گرت و ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران دەربڕیوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە توندی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە و پلانەکانی واشنتن پووچەڵ دەکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP