دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیدارەی ترەمپ ناردنی ئامێرەکانی "ستارلینک" بۆ ئێران تاوتوێ دەکات

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستا، ناردنی ئامێرەکانی وەرگری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک"ـە بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە.

ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر ئینتەرنێت و دابینکردنی پەیوەندییەکی ئازاد بۆ هاووڵاتییانی ناڕازی لە ناوخۆی ئێراندا.

ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە ئاژانسە حکومییەکان کردووە ڕاوبۆچوونی خۆیان پێشکەش بکەن سەبارەت بە کاردانەوەی دیاریکراو و سنووردار بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی ئێران.

ئەم داواکارییە تەنیا لایەنی تەکنەلۆژی ناگرێتەوە، بەڵکو ئیدارەی ترەمپ داوای لێکۆڵینەوەی وردی کردووە لەسەر کۆمەڵێک ئامانجی سەربازیی ئەگەری و بژاردەی ئابووری جیاواز بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا پەنایان بۆ ببرێت.

ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسی و سەربازییانەی واشنتۆن نیشانەی ئامادەکارییەکی پێشوەختەیە بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو لە ناوچەکەدا.

هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازی و ئابوورییەکان، ئیدارەی ئەمریکا جەخت لەسەر بەکارهێنانی کەرەستەی نەرم وەک ئینتەرنێتی ستارلینک دەکاتەوە، تاوەکو بتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاراستەی ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران هەبێت و ڕێگری بکات لە پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP