هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم هۆکاری گرانبوونی نرخی عومرە ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی نزیکبوونەوەی ڕەمەزانەوە نرخی عومرە بە پاس بۆ 1000 دۆلار و بە فڕۆکە بۆ 1300 دۆلار بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی 2ی 2026، کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزان، نرخی گەشتی عومرە بەرز بووەتەوە، بەجۆرێک بە ڕێگەی وشکانی بۆ 10 ڕۆژ دەگاتە نزیکەی هەزار دۆلار و بە ئاسمانیش دەگاتە هەزار و 300 دۆلار.
ستوونی ڕوونی کردەوە، لە کاتی ئاساییدا گەشتی 10 ڕۆژە بە پاس نزیکەی 500 دۆلارە و بە فڕۆکەش لەنێوان 900 بۆ هەزار دۆلارە، بەڵام بۆ ڕەمەزان نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاون.
سەبارەت بە هۆکارەکەشی، وتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد: "لە ڕەمەزاندا خواستی جیهانی لەسەر سعودیە زیاد دەکات، ئەمەش وا دەکات نرخی هۆتێل و خواردن و مانەوە لەو وڵاتە بەرز ببێتەوە."
بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی عومرە سەردانی سعودیە دەکەن.