دواین هەواڵ

ئابوری‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

پارێزگاری بانکی ناوەندی دەنگۆی هۆشدارییەکانی ئەمریکا ڕەت دەکاتەوە

هەرێم نیوز

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لە لێدوانێکی نوێدا بە توندی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن لایەنی ئەمریکی هۆشداری توندی ئاراستەی عێراق کردبێت سەبارەت بە ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی داهاتە نەوتییەکان.

ناوبراو ڕوونیکردەوە کە تەواوی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵی ئەنجام دراون، تەنها لە چوارچێوەی چەند پرسێکی تەکنیکی و دارایی دیاریکراودا بوون کە پەیوەندییان بە پەرەپێدانی سیستمی بانکی و ڕێکخستنی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە هەبووە.

عەلاق جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە تێوەگلانی پرسی هەڵبژاردنی کەسایەتییە سیاسییەکان وەک نوری مالیکی یان هەر ململانێیەکی سیاسی تر لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکاندا دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.

پارێزگاری بانکی ناوەندی دوپاتی کردەوە کە لە گفتوگۆکانیاندا باسیان لە هیچ بابەتێکی تر نەکردووە کە ڕەهەندی جیاوازی هەبێت، بەڵکو جەخت تەنها لەسەر پابەندبوونی عێراق بە ڕێکارە نێودەوڵەتییەکان بووە بۆ پاراستنی سەقامگیری دارایی و دڵنیابوونەوە لە شەفافیەتی گواستنەوەی دراوە بیانییەکان.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP