هەرێم نیوز
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی زیاتر لە ١٠ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناوچەکە تەواو کرد و ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە پڕۆسەی تیروپشک دەستپێدەکات.
وردەکاری پڕۆسەی دابەشکردنەکە
ئەمڕۆ یەکشەممە (٣ی ئایاری ٢٠٢٦)، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دوای وردبینی بۆ ناوی ١٣ هەزار فەرمانبەر کە لەلایەن شارەوانییەکانەوە ڕەوانە کرابوون، زیاتر لە ١٠ هەزار فەرمانبەر وەک شایستە دیاری کران و پارچە زەوییان بۆ ئامادە کراوە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە قۆناغەکانی پێشوودا پێنج هەزار پارچە زەوی دابەش کراون، و لەم قۆناغە نوێیەدا ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە ٨ ساڵ و زیاتر خزمەتیان هەیە و پێشتر سوودمەند نەبوون.
خشتەی تیروپشک و ماوەی پڕۆسەکە
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاشکرای کرد کە تیروپشکەکە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات. خشتەی پڕۆسەکە بەم شێوەیە دەبێت:
• دەستپێکی پڕۆسەکە: لە فەرمانبەرانی کەرتی کشتوکاڵەوە دەستپێدەکات.
• ڕێکخستن: پڕۆسەکە بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکان ڕێکخراوە.
• ماوەی جێبەجێکردن: پێشبینی دەکرێت پڕۆسەی تیروپشک و دابەشکردنەکە ٤ تا ٦ مانگ بخایەنێت.
گوهدار شێخۆ دڵنیایی دایە هەمووان کە هیچ فەرمانبەرێکی شایستە بێ زەوی نامێنێتەوە، بەڵام ئەوانەی پێشتر زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە، مافیان نابێت.
قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان
سەبارەت بەو زەوییانەی بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخانکراون، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتی و جوتیارانەی زەوییەکانیان بەر پڕۆسەکە کەوتووە. ڕوونی کردەوە کە قەرەبووەکە بە شێوەی پێدانی زەوی، پارە یان موڵک دەبێت و هەموو ڕێکارە یاساییەکان بۆ ئەم مەبەستە گیراونەتە بەر.
ئەم هەنگاوەی زاخۆ لە چوارچێوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ خزمەتکردنی فەرمانبەران و دابینکردنی مافی نیشتەجێبوون بۆیان.