دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری ناوخۆ کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگری لە زێدەڕۆیی ئەنجام دا

هەرێم نیوز

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بە مەبەستی توندکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی.

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی 5ـی 2026، لە دیوانی وەزارەت و بە ئامادەبوونی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەرپرسانی ئەمنی، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی پاراستنی سروشتی کوردستان و ڕێگری لە زێدەڕۆیی بەڕێوەچوو.

 وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، بایەخێکی تایبەت بەم دوو پرسە دەدات و پێویستە هەمووان وەک یەک تیم بۆ جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی ژینگە کار بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە هەوڵەکانی پارێزگا و ئیدارەکان کرا بۆ ڕێگری لە زێدەڕۆیی و بڕیاردرا ئەزموونی "لێژنەی تایبەتمەندی هەولێر" بگوازرێتەوە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی دیکە.

 وەزیری ناوخۆ جەختی کردەوە کە چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتە بەر کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەست بەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەتدا بگرێت، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی سەروەریی یاسا و مافی گشتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP