هەرێم نیوز
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ بەغدا داوە و هەرکاتێک بەرنامەی کاری پەرلەمان بگاتە دەستیان، بەشداریی دانیشتنی داهاتوو دەکەن، ئەمەش بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
ئەمڕۆ شەممە، 9ـی 5ـی 2026، د. ئەشواق جاف، پەرلەمانتار و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لە چوارشەممەی ڕابردووەوە بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ بەغدا داوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پەیڕەو وایە کە دوو ڕۆژ پێش هەموو دانیشتنێک دەبێت خشتەی کاری پەرلەمانیان بۆ بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو خشتەیە نەگەیشتووەتە دەستیان.
بڕیارە ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کۆببێتەوە. لەم بارەیەوە د. ئەشواق جاف جەختی لەوە کردەوە، کە گەڕانەوەیان بۆ بەغدا پەیوەستە بەو دانیشتنەوە، و ڕایگەیاند: "هەر کاتێک بەرنامەی کارمان بۆ هات، فراکسیۆنی پارتی دەگەڕێتەوە بەغدا و بەشداری لە دانیشتنەکاندا دەکەینەوە."
ئەم هەنگاوەی پارتی دوای ئەوە دێت، کە لە (6ـی 5ـی 2026)، فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە دروستبوونی "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی" لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا کردبوو.
جێی باسە، فراکسیۆنی پارتی کە لە (18ـی 4ـی 2026)ـەوە بایکۆتی دانیشتنەکانی کردبوو و گەڕابوونەوە هەولێر، لە خولی ئێستای پەرلەماندا جگە لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئەندامێتی لە ٢٢ لیژنەدا هەیە و سەرۆکایەتیی دوو لیژنەش دەکات. هەروەها بڕیارە لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا دوو وەزارەت و چەند پۆستێکی باڵای دیکەش وەربگرێت.