هەرێم نیوز
فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەبارەی دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕاگەیاند و جەختی لەسەر بەشداریی لە پڕۆسەی متمانەدان بە کابینە نوێیەکە کردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، فەرهاد ئەتروشی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر حکومەتی نوێ و بەرنامەی حکومیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، ئامادە دەبن. ئەتروشی باسی لەوەش کردووە کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی باوەڕبوونیانە بە پێویستیی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد،کە ئامانجیان لەم هەنگاوە بریتین لە:
• چالاککردنەوەی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت کە بەهۆی قەیرانەکانەوە پەککەوتبوون.
• پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق.
• چەسپاندنی بناغەکانی ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا.
ئەم بڕیارەی فەرهاد ئەتروشی لە کاتێکدایە کە بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی، کە چاوەڕوان دەکرێت زۆرینەی هێزە سیاسییەکان بەشداریی تێدا بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسیی وڵات.