هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، ئاسایشی گەرووی هورمز و بەردەوامیی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن ڕایگەیاند و جەختی کردەوە کە تاران بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی ئامادەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند: "تاران پێویستی بە هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی نییە بۆ ئەوەی دان بە مافەکانیدا بنێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و بە چەند بڕیارێک دەستبەرداری ئەو مافە نابێت." هاوكات ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لەگەڵ سەڵتەنەی عومان لە پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی نوێ سەبارەت بە چۆنیەتیی تێپەڕینی کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان بە گەرووی هورمزدا.
لە بەیاننامەکەدا، تاران ڕەخنەی توندی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و ڕایگەیاند، تۆمەتبارکردنی ئێران بە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ناسەقامگیریی ئێستای گەرووی هورمز و کەنداو، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هێرش و دەستوەردانەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەڕەشەی سەرەکین بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تاران هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا نییە؛ ڕوونیشیکردەوە کە تاقە ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئاسایشی بەردەوام، دروستکردنی متمانە و داڕشتنی میکانیزمێکی ئەمنی هاوبەشە لەنێوان سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیریی دەوڵەتی پاکستانەوە بەردەوامن، بەڵام هاوکات هۆشداریشی دا: "ئێران بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و دەزانێت چۆن بە توندی وەڵامی هەر هەڵەیەکی لایەنی بەرامبەر بداتەوە."