هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە هەڕەشە سەربازییەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نوێ کردەوە و ڕایگەیاند کە پێویستە تاران بە خێرایی بەرەو ڕێککەوتن هەنگاو بنێت، ئەگەرنا "هیچ شتێکی بۆ نامێنێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی، هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکرێت لە هەموو ئاراستەکانەوە بێت." ترەمپ هاوشانی پەیامەکەی، نەخشەیەکی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دیاریکراوە هێزەکانی ئەمریکا لە چوار لای سەرەکییەوە (باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا) هێرش دەکەنە سەر ئەو وڵاتە؛ هاوکات وێنەی تێکشکاندنی بەلەمە جەنگییەکان و فڕۆکە ئێرانییەکانی لەلایەن هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکاوە هاوپێچ کردووە.
ئەم پەیامە توندەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو: "کات بۆ ئێران تەواو دەبێت، باشترە بە خێرایی بجوڵێن، ئەگەرنا هیچیان بۆ نامێنێتەوە، کات بەنرخە!"
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان و وڵاتانی ناوچەکە بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی واشنتن و تاران بەردەوامن، بەڵام لایەنی ئێرانی دەڵێت واشنتن لە مەرجەکانی پاشەکشەی نەکردووە. بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، ئەمریکا پێنج مەرجی قورسی خستووەتە بەردەم تاران، کە دیارترینیان هێشتنەوەی تەنها یەک دامەزراوەی ئەتۆمییە لە تەواوی ئێراندا، لەگەڵ گواستنەوەی سەرجەم کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ واشنتن. هاوكات ئیدارەی ترەمپ ڕەتیکردووەتەوە تەنانەت ٢٥٪ی سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکات یان هیچ قەرەبوویەکی زیانەکانی شەڕ بداتەوە.
پاشخانی ئەم قەیرانە قورسە بۆ سەرەتای مانگی نیسانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک خولی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا لە ئیسلام ئاباد شکستی هێنا، لە کاردانەوەشدا ئەمریکا لە ١٣ی نیساندا گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، تاران پێشتر بە شێوەیەکی کاریگەر گەرووی هورمزی ئیفلیج کردووە، کە یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.