دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

تاران لەرێگەی پاکستانەوە دەقێکی نوێی ١٤ بڕگەیی ئاراستەی ئەمریکا دەکات

هەرێم نیوز

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیریی دەوڵەتی پاکستانەوە، دەقێکی نوێی پێشنیازەکانی کە لە ١٤ بڕگە پێکهاتووە، ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە؛ بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکانی نێوان هەردوولا.

ئاژانسی "تەسنیم"ی فەرمیی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، تاران دوایین دەقی پێشنیاز و مەرجەکانی خۆی کە لە ١٤ بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە، ڕادەستی لایەنی پاکستانی کردووە تاوەکو وەک نێوەندگیرێک بیخاتە بەردەم بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، لە ماوەی ڕابردوودا واشنتن لە وەڵامی دەقی پێشووی ئێراندا، دەقێکی وەڵامدانەوەی ناردبوو کە ئەویش بە هەمان شێوە لە ١٤ بڕگە پێکهاتبوو. ئێرانیش لە بەرامبەردا و لەسەر بنەمای میکانیزمی نوێی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان، دوای ئەنجامدانی هەموارکردنەوەی پێویست، دیسانەوە دەقەکەی لە ١٤ بڕگەدا داڕشتووەتەوە و ڕەوانەی واشنتنی کردووە.

سەرچاوەکە ئاشکرایشی کردووە کە ناوەڕۆکی دەقە نوێیەکەی تاران، بە پلەی یەکەم تیشک دەخاتە سەر پرسی دانوستانەکانی تایبەت بە کۆتایهێنان بە جەنگ و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ دیاریکردنی ئەو ڕێوشوێنانەی کە پێویستە لەلایەن ئەمریکاوە بگیرێنەبەر بۆ بنیادنانی متمانە لە نێوان هەردوولادا.

ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هۆشداری و هەڕەشەی توندی سەربازی لەنێوان واشنتن و تاران ئاڵوگۆڕ کران، و هێزەکانی هەردوولا لە ناوچەی کەنداو و دەریای عومان لە حاڵەتی ئامادەباشی دابوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP