دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

تاران هۆشداری دەداتە واشنتن: دەریای عومان دەکەینە گۆڕستانی کەشتییە جەنگییەکانتان

هەرێم نیوز

لە وەڵامی لێدوانە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ پێگەی ئەکسیۆس، ڕاوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی هۆشدارییەکی توند ئاراستەی پنتاگۆن دەکات و ڕایدەگەیەنێت، سوپای ئەمریکا ئەگەر لە دەریای عومان پاشەکشە نەکات، ئەو دەریایە دەبێتە گۆڕستانی هێزەکانیان.

موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکی فەرمیدا کە ئاراستەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکای کردووە، ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای شکستێکی سەخت لە هەمبەر ئێران، ئێستا لە لێواری ڕووخاندایە. پێش ئەوەی دەریای عومان ببێتە گۆڕستان بۆ ناوگەڵ و کەشتییە جەنگییەکانتان، پێویستە دەستبەجێ پاشەکشە بکەن."

ڕاوێژکارەکەی موجتەبا خامنەیی بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یەکێک لەو سێ کەشتییە جەنگییە گەورەیەی ئەمریکا کە لە دەریای عومانەوە بەرەو کەنداوی عەرەبی (فارس) هاتوون، لەلایەن هێزە موشەکییەکانی ئێرانەوە بە توندی پێکراوە و زیانی گەورەی بەرکەوتووە، بەڵام واشنتن هەوڵدەدات ئەم بابەتە بشارێتەوە و ڕای نەگەیەنێت.

سەبارەت بە دۆخی ستراتیژیی گەرووی هورمز، موحسین ڕەزایی جەختی لەوە کردەوە کە گەرووەکە بە ڕووی کاری بازرگانی و هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا کراوەیە، بەڵام هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە لەشکرکێشی و دروستکردنی نائارامی نادەن، و بۆ ئەو مەبەستە سەربازییانە گەرووەکە لەلایەن سوپای ئێرانەوە داخراوە.

ئەم ئاڵۆزییە نوێیە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی نوێیدا لەگەڵ پێگەی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی، باسی لە ئەگەری دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی بەرفراوان و چوارقۆڵی بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران کردبوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP