دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران: واشنتن بەردەوام هەڵوێستی دەگۆڕێت و ئیسرائیلیش ڕێگرە لەبەردەم ڕێککەوتندا

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی وەڵامی لێدوانەکانی ئەمدواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند، کە دانوستانەکان لە کەشێکی بێ متمانەیی بەڕێوەدەچن و واشنتن لە قسەکانیدا جێگیر نییە، هاوکات تێکدەری سەرەکیی دەرفەتە دیپلۆماسییەکانیش ئیسرائیلە.

ئەمڕۆ دووشەممە (١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە کەشێکی بێ متمانەیی زۆردا بەڕێوەدەچن. ئەمریکا بەردەوام بۆچوون و داواکارییەکانی دەگۆڕێت و قسەکانی دژیەکن، ئەمەش پرۆسەکەی خاوکردووەتەوە."

بەقائی ئاشکرایشی کرد کە لەم قۆناغەدا هیچ دانوستانێک لەسەر وردەکارییەکانی دۆسیەی ئەتۆمی نەکراوە و تاران لە ئێستادا تەنها جەخت لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و هێرشەکان دەکاتەوە. هاوکات ڕەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرت و بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی وەسفی کرد و گوتی: "ئیسرائیل تێکدەری هەموو دەرفەتێکی دیپلۆماسییە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەردەوام حەزی بە شەڕە؛ سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی ڕووکەش، بەڵام هێشتا هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و کەرتی غەززە بەردەوامن."

سەبارەت بە دەنگۆی دروستکردنی سندووقێکی دارایی نێودەوڵەتی بە بڕی ٣٠٠ ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران پاش کۆتایی هاتنی گرژییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاستیی بابەتەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەم بابەتە یەکێکە لەو ١٤ خاڵە سەرەکییەی کە لە تێگەیشتنی سەرەتاییدا باسی لێوەکراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، بەڵام وردەکارییەکان هێشتا جێگیر نەکراون و پێویستیان بە گفتوگۆی پتر هەیە." مەرجی ئێرانیش بۆ هەر ڕێککەوتنێک، بەستراوەتەوە بە سەپاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی لە لوبنان.

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئیسماعیل بەقائی هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەوروپا و بە دووڕوویی تۆمەتبارکردن و گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها بینەری دۆخەکەن و هیچ هەڵوێستێکی کردارییان نییە. ئەوروپاش بە تەواوی چاوپۆشی لە تاوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات، بەڵام کاتێک ئێران مافی یاسایی خۆی بەکاردێنێت بۆ بەرگرییکردن لە خاکەکەی، خێرا سەرکۆنەمان دەکەن."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP