دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ و ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لوبنان تاوتوێ دەکەن

هەرێم نیوز

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە تەواوی پشتگیریی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان واشنتن و تاراندا دووپات کردووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١ـی ٦ـی ٢٠٢٦، ئیمانوێل ماکرۆن ئاشکرای کرد کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی چڕی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجام داوە و تێیدا دەستخۆشی لەو هەوڵە بەئیرادەیەی سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە بۆ خێرا گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا پێشەنگیی دەکات. 

ماکرۆن ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ بنیاتنانی چوارچێوەیەکی نوێی ئاسایشی بە پشکداریی سەرجەم لایەنەکان، بە مەبەستی چەسپاندنی سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵانە کردەوە و ڕایگەیاند، پاریس ئامادەیە بەشدار بێت لە پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز کاتێک ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت، هاوكات ئەزموون و پسپۆڕیی خۆشیان دەهێننە ناو دانوستانە فراوانەکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.

له تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، ماکرۆن ستایشی پابەندبوونی ترەمپی کرد بە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان، و دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا پێداگرە لەسەر بەردەوامبوونی ئاگربەستی ئێستای نێوان لوبنان و ئیسرائیل، پاڵپشت بە گرنگیی پێشکەشکردنی هاوکاریی بەکۆمەڵ و نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی لوبنان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP