هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ـی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان، بە فەرمی پرۆسەی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی نامە و دەقە سیاسییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ڕاگرت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١ـی ٦ـی ٢٠٢٦، ئاژانسەکە ئاشکرای کرد، بەو پێیەی دۆسیەی لوبنان بەشێک بووە لە پێشمەرجەکانی ئاگربەست و لە ئێستادا ئیسرائیل ئاگربەستی لە سەرجەم بەرەکاندا پێشێل کردووە، تیمی دانوستانکاری ئێرانی بڕیاری وەستاندنی سەرجەم پەیوەندییەکانی داوە.
بەرپرسانی تاران جەختیان کردووەتەوە کە تەنیا کاتێک دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ کە هێرشەکان بۆ سەر غەززە و لوبنان دەستبەجێ ڕابگیرێن و سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان پاشەکشە بکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارە سیاسییە، ئاژانسی تەسنیم ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران و تەواوی بەرەی ناسراو بە بەرگری، پێداگرن لەسەر گرتنەبەری ڕێکاری سەربازیی توند بۆ سزادانی ئیسرائیل و پاڵپشتیکارانی.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئێران و هاوپەیمانەکانی پلان و ئامادەکاریی تەواویان لە چوارچێوەی ئەجێندای نوێی خۆیاندا داناوە بۆ داخستنی تەواوەتیی گەرووی هورمز و چالاککردنی بەرەکانی دیکەی شەڕ لە ناوچەکەدا، لە نێویاندا گەرووی باب المندب لە دەریای سوور.