هەرێم نیوز
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 17ـی 7ـی 2026، ناوچەی زڕگوێزەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بووەوە، کە بارەگای سەرەکیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێرانی کردە ئامانج.
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان بە "هەرێم نیوز"ـی ڕاگەیاند: "لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا کە بە شەش مووشەک ئەنجام دراوە، بارەگای ناوەندیی ئێمە لە زڕگوێزەڵە ئاگری گرتووە و زیانی گەورەی پێ گەیشتووە."
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە ئەو بەرپرسەی کۆمەڵە ئاماژەی پێ کردووە، تا ئێستا شەهیدبوونی شەش ئەندامی حیزبەکە پشتڕاست کراوەتەوە و ژمارەیەک برینداریش هەن، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئامارەکان بەپێی بەردەوامیی پرۆسەی فریاکەوتن و لێکۆڵینەوەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ هەینی چەندین ناوچەی دیکە لە هەرێمی کوردستان و باشووری ئێران بە هێرشی ئاسمانی و درۆنی کراونەتە ئامانج، ئەمەش گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکەی لەسەر ئاستێکی فراوان بەرز کردووەتەوە.