دواین هەواڵ

کوردستان‌

 51 خولەک پێش ئێستا

سیپان شێروانی: دەست بە ناردنی غاز بۆ هەرێمی كوردستان كرا

هەرێم نیوز

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه‌ دوای ڕاگرتنی به‌رهه‌می غازی سروشتی له‌لایه‌ن كۆمپانیای دانه‌غازه‌وه‌، به‌ هه‌وڵی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وتی عێراق، ده‌ست به‌ ناردنی غاز بۆ هه‌رێمی كوردستان كرا.

سپیان شێروانی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند: "دوا بەدوای ڕاگرتنی بەرهەمی غازی سروشتی لەلایەن كۆمپانیای دانه‌غازەوە، بە هەوڵی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و بەهەماهەنگی وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، ڕەزامەندی درا بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی غاز له‌ هەرێمی كوردستان."

ڕاشیگه‌یاند: "وەك ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پەلەكردن لە ناردنی غازی سروشتی بۆ هەرێمی كوردستان، بە ئەركی خۆمان هەڵساین و بەدواداچوون و چاودێریمان كرد بۆ ڕێكارەكان لەگەڵ بریكاری وەزیر بۆ كاروباری غاز و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای پڕكردن و خزمەتگوزاری غازی فیدڕاڵی و كۆمپانیای گواستنەوەی غاز."

گوتیشی: "بەشێوەی كردەیی دەست كرا بە ناردنی بڕی ١٤٠  تەن غاز بۆ هەرێمی كوردستان و لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا ئه‌و بڕه‌ زیاد بكرێت، چونكە ئەو بڕە كەمە و بەشی پێویستیی هەرێمی كوردستان ناكات."





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP