هەرێم نیوز
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاووڵاتییەک، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی فریاکەوتن، چوار تۆمەتباریان دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ شەممە ١٨ی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی شەڕ لەنێوان دوو خێزاندا لە گەڕەکی زەرگەتەی کۆن لە شاری سلێمانی دروستبوو، لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و کەسێکی تر برینداربوو.
ئاماژەی بەوە کردووە، پاش ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی پۆلیس، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە،
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای ئەنجامدانی کەشف و هێڵکاریی بۆ شوێنی تاوانەکە، بەبڕیاری دادوەر، توانرا چوار تۆمەتبار بەناوەکانی (ع .م .س) لەدایکبووی (١٩٧٤)، (م .م .س) لەدایکبووی (١٩٨٣) بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادان و هەردوو تۆمەتبار (ب .أ .ع) لەدایکبووی (٢٠٠٦)و تۆمەتبار (ع .ع .خ) لەدایکبووی (١٩٧٥) بەپێی ماددەی (٣١/٤٠٥) لەیاسای سزادان دەستگیر بکرێن.
لە کۆتاییی ڕاگەیەندراوکەشدا هاتووە، لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.