هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، هۆشداریی توند دەداتە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو کە لە کاتی ڕووماڵکردنی پەرەسەندنە ئەمنییەکاندا، بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لەبەرچاو بگرن.
ڕاگەیاندنی گشتاندنێکی بەپەلە بۆ میدیاکان
ئەمڕۆ شەممە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیاندراوێک ئاڕاستەی گشت دەزگاکانی میدیای بینراو و بیستراو (کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ) کرد. لە گشتاندنەکەدا هاتووە کە بەهۆی ئەم دۆخە ئەمنییە هەستیارەی هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، پێویستە میدیاکان بە تەواوی پابەندی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان بن لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشە درۆنی و موشەکی و ڕووداوە ئەمنییەکاندا.
چوار خاڵی سەرەکی و بنچینەیی گشتاندنەکە
وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر جۆرە پشێوییەک، جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ئەم چوار خاڵە کردووەتەوە:
پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی: پێویستە ڕووماڵی ڕووداوەکان نەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری، و دەبێت میدیاکان دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری، وێنە، یان ڤیدیۆیەکی ناڕاست و بێ بنەما کە ببێتە هۆی دروستکردنی ترس، دڵەڕاوکێ و شڵەژانی دەروونی لای هاووڵاتییان.
شتپەبەستن بە سەرچاوەی فەرمی: قەدەغەیە زانیاریی ناڕوون بڵاوبکرێتەوە و دەبێت تەواوی دەنگوباسە ئەمنییەکان تەنها لە سەرچاوە فەرمییە پێڕاسپێردراوەکانی حکومەت و هێزە ئەمنییەکانەوە وەربگیرێن.
پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ و باری ئابووری: میدیاکان پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لەو جۆرە ڕووماڵ و ڕاپۆرتانەی کە دەبنە هۆی شڵەژانی دۆخی ئابووری، دروستکردنی پشێوی لە بازاڕەکان، یان گرانبوونی نرخ و شتومەک؛ چونکە میدیا بەرپرسە لە نەهێشتنی هەر کاریگەرییەکی نەرێنی کە زیان بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان بگەیەنێت.
ڕووبەڕووبوونەوە و لێپرسینەوەی یاسایی: وەزارەتی ڕۆشنبیری هۆشداریی کۆتایی دەدات کە هەر سەرپێچییەک لەم خاڵانەی سەرەوە و لەو بنەما یاساییانەی لە "ڕێنمایی ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠١٤"دا هاتووە ئەنجام بدرێت، کەناڵە سەرپێچیکارەکە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەکاتەوە و ڕێکاری پێویستی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
وەزارەتی ڕۆشنبیری لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاوسۆزیی خۆی نیشانداوە کە تەواوی میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەم بەرپرسیارێتییە مێژوویی و نیشتمانییەدا دەبن لە پێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی وڵاتەکەمان.