هەرێم نیوز
شارەزایەکی کەشناسی زانیاریی نوێ لە بارەی چالاکبوونی خێرایی با و ئەگەری بارانبارین لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 31ـی 7ـی 2026، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە،، بای باکووری ڕۆژهەڵات لە زۆرێک لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی ڕاپەڕین، سۆران و قەزای ئاکرێ چالاک بووە و خێراییەکەی لە هەندێک کات و شوێندا دەگاتە زیاتر لە ٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئاماژەی بەوەش کردووە،، ئەم شەپۆلە تا کاتەکانی بەر لەنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بە چالاكی دەمێنێتەوە و دواتر خێراییەکەی کەم دەبێتەوە، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 2ـی 8ـی 2026 بە تەواوی کۆتایی پێبێت.
لە بارەی ئەگەری بارانبارینەوە، ئەو کەشناسە ڕایگەیاند،، لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە بەهۆی هاتنی بڕێک شێ لە کەنداوی عەرەبییەوە، ئەگەری دروستبوونی پەڵە هەور و گۆڕانی ئاسمان بۆ نیمچە هەور هەیە.
ئاماژەی بەوەش کردووە،، تا کۆتایی هەفتە، 6ـی 8ـی 2026 ئەو شێیە دەمێنێتەوە و ڕەنگە لە هەندێک شوێنی دیارینەکراودا چڕبوونەوەی هەور، دروستبوونی هەورەبروسکە و بارینی بارانێکی کەم ڕوو بدات.
ئەم پێشبینییانە لە کاتێکدان کە ماوەی چوار ڕۆژە شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پلەکانی گەرما بۆ زیاتر لە ٤٠ پلەی سیلیزی بەرز بوونەتەوە.