هەرێم نیوز
سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرای دەکەن کە بڕیارە سبەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی بگاتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەریی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، سەرچاوە میدیاییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردەوە کە سبەی دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی دیمەشق دەکات و چاوی بە ئەحمەد شەرع، کە سەرکردایەتیی قۆناغی ڕاگوزەریی سووریا دەکات، دەکەوێت. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە بە قۆناغێکی چارەنووسساز و گۆڕانکارییەکی خێرای سیاسی و ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، لەم کۆبوونەوەیەدا هەردوو سەرکردە بە وردی گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر دەکەن لە قۆناغی نوێدا.
هەروەها یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە، تاوتوێکردنی (ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم) و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنەیە لەسەر ئەرزی واقیع.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پرسی چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکە پێکدەهێنێت، بەتایبەتی قسەکردن لەسەر ڕێکارەکانی یەکخستن و تێکەڵکردنی ئەو هێزانە لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی نوێی سووریا، وەک هەنگاوێک بۆ سەقامگیریی زیاتر لە چوارچێوەی قۆناغی ڕاگوزەریدا.