دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

سیستمی سیرام لە هەولێر دەمێنێتەوە و پاتریۆت ڕەوانەی ئوردن دەکرێت

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەیەکەى عەرەبی ئاشکرای دەکات، ئەمریکا بەپێی خشتەیەکی پێشوەختە دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان کردووە؛ هاوکات شارەزایەکی سەربازیش سێ هۆکاری سەرەکیی لەپشت ئەو جووڵە سەربازییانەی واشنتۆن ئاشکرا دەکات.

کشانەوەی پلەبەپلە و هێشتنەوەی سیستمی بەرگری
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی ئابی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی "شەرق ئەوسەت" بڵاوی کردەوە، ئەمریکا دەستی بە کشانەوەیەکی پلەبەپلەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بەشێک لە کەرەستە و توانا سەربازییەکانی بۆ پاراستنی کونسوڵگە گەورەکەی و ئاسمانی هەولێر دەهێڵێتەوە.
بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەم جووڵەیەی واشنتۆن چاوەڕوانکراو بووە و سەرجەم سەکۆکانی بەرگریی نەکشاندووەتەوە، بەڵکو ئەوەندەی هێشتووەتەوە کە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات. بەپێی بەدواداچوونەکان، بەشێک لە سیستمی "پاتریۆت" لە هەولێرەوە ڕەوانەی ئوردن کراوە، بەڵام سیستمی "سیرام" بەردەوامە لە پاراستنی ئاسمانی هەولێر.

سێ هۆکارەکەی پشت جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا
لەمبارەیەوە، جەبار یاوەر، شارەزای سەربازی و ئەمنی ئاماژەی بەوە کرد، سێ هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم گۆڕانکارییانەوە هەن:

•یەکەم؛ جێگیرکردنی سیستمی بەرگری لە ئوردن، بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمریکییەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن ئێرانەوە بۆردومان کراون و ڕووبەڕووی کێشەی سیستمی دژەئاسۆیی (پاتریۆت) بوونەتەوە، بەو هۆیەوە بەشێک لە پاتریۆتەکانی هەولێر بۆ ئەوێ گوازراونەتەوە.
•دووەم؛ پابەندبوون بە ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا لە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ کۆتایی بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بهێنرێت.
•سێیەم؛ بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، واشنتۆن دەیەوێت هێزەکانی لە ناوچە پارێزراوەکاندا کۆ بکاتەوە.

جەبار یاوەر ڕایگەیاند، سیستمە ئەمریکییەکان تەنیا ئاسمانی ئەو ناوچانەیان دەپاراست کە بنکە و بارەگاکانی خۆیانی لێ بوو، نەک تەواوی ئاسمانی هەرێمی کوردستان، وەک ئاماژەیەک بۆ بۆردومانکردنی بەردەوامی بنکەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە بەبێ بەرپەرچدانەوەی ئەمریکا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP