هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ئەمساڵ تیروپشک بۆ حاجییانی دوو ساڵی داهاتوو پێکەوە دەکرێت و بە یەکجار ناوی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس هەڵدەبژێردرێت، هاوکات وادەی ناونووسینیش لە ٥ـی ئەم مانگەدا کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 45 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو گەشتی حەج ئەنجام بدەن، و پرۆسەی ناونووسینیش کە لە 21ـی تەممووزەوە دەستی پێکردووە، لە 5ـی ئەم مانگەدا کۆتایی دێت.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەمساڵ بە یەکجار تیروپشک بۆ دوو ساڵی داهاتوو دەکرێت و ڕێکارەکانیش ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی وادەی ناونووسین دەست پێدەکەن.
سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی ناوەکان، وتەبێژەکەی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد کە خودی پرۆسەی تیروپشکەکە تەنها پێنج خولەکی پێویستە، بەڵام ڕێکارە کارگێڕییەکان کاتیان دەوێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەنجامەکان لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو بە فەرمی بڵاو بکرێنەوە.
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیش وتی: "پشکی هەرێم بۆ ساڵی ڕابردوو 5 هەزار و 120 کەس بوو، بۆ ئەمساڵ هێشتا پشکی نوێ دیاری نەکراوە، بەڵام ئەگەر لەسەر بنەمای سەرژمێری دیاری بکرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ژمارەکە زیاد دەکرێت."
جێگەی باسە، لە پرۆسەی حەجی ساڵی ڕابردوودا کە ناونووسین لە 11ـی ئەیلوول دەستی پێکرد و لە 26ـی هەمان مانگ کۆتایی هات، زیاتر لە 90 هەزار کەس لە ڕێگەی فۆڕمی ئەلیکترۆنییەوە داواکارییان پێشکەش کردبوو، کە لەو ژمارەیە تەنها 5 هەزار و 120 کەس بە تیروپشک مافی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجیان بۆ دەرچوو.