هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (الجزیرە)ی قەتەری رایگەیاند، تاران ئیتر متمانەی بە دانوستان لەگەڵ واشنتن نەماوە، ئەمەش بەهۆی دووبارەبوونەوەی هێرش و سزاکانیان لە دوای هەموو خولێکی دانوستانەکان.
نێوەندگیریی ناوچەیی و یاداشتی لێکتێگەیشتن
سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرای کرد: لە ئێستادا وڵاتانی قەتەر و پاکستان نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن و پەیامەکانیان دەگەیەننە واشنتن.
ئاماژەی بەوەش دا کە دانوستانەکانیان لەگەڵ واشنتن لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشووە و پێویستە ئەمریکییەکان هەڵوێستی ڕوونی خۆیان لەو بارەیەوە ئاشکرا بکەن.
کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ و ئاسایشی گەرووی هورمز
پزیشکیان لەبارەی ئەگەری دیدار لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لەبەرچی و بۆ چ مەبەستێک لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆ ببمەوە؟ کاتێک ئێمە ڕێککەوتنمان واژۆ کرد و ئەوان جێبەجێیان نەکرد."
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی دەریایی و گەرووی هورمز، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە کە داخستنی گەرووی هورمز دەرئەنجامێکی سروشتییە کاتێک ئێران لە ڕێگاکانی تری لێدادەخرێت، بەڵام هاوکات ڕوونی کردەوە کە قەیرانی گەرووی هورمز بە دانوستان چارەسەر دەکرێت نەک بە بەکارهێنانی هێز.
ئاسایشی ناوچەکە و یەکگرتوویی ناوخۆیی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پزیشکیان باسی لەوە کرد، ئاسایشی ناوچەکە دەکرێت لە ڕێگەی هاوکاریی نێوان وڵاتانەوە بەدی بهێنرێت و ناوچەکە پێویستی بە هیچ پۆلیسێک نییە.
سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆیی و پەیوەندی لەگەڵ ڕابەری باڵا ڕایگەیاند: ستراتیژی دوژمنان لەسەر هاندانی ناتەبایی لە نێوان بەرپرسانی ئێران بنیاد نراوە، بەڵام ئێستا شاهیدی یەکگرتووییەکی بێوێنەی ناوخۆیین. ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ئێستا دوو جار لەگەڵ ڕابەری باڵا (موجتەبا خامنەیی) کۆ بووەتەوە؛ جاری یەکەم نزیکەی سێ کاتژمێر و جاری دووەمیش بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر و نیو.
پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە و قەیرانی یەمەن
لە کۆتاییدا سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕیاز کرد و گوتی: ئێمە دەتوانین هاوکار بێن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان سعودیە و یەمەن، هاوکات سعودیەش توانای ئەوەی هەیە لە یەکخستنی وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت.