هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، پێشنیازێکی ئێران بۆ ڕێککەوتن و دەستپێکردنەوەی بازرگانی ڕەتدەکاتەوە، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە واشنتن کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمزی کردووە و گەمارۆیەکی سەربازیی بێوێنەی خستووەتە سەر تاران.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی 9ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئەو پێشنیازەی ئێران ڕەتدەکاتەوە کە تێیدا داوای دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی بازرگانی دەکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ئەویش ئارەزووی ڕێککەوتن دەکات، بەڵام پێشنیازەکەی تاران جێگەی قبووڵکردن نییە، چونکە بە وتەی ئەو، ئێران بەهۆی لەدەستدانی سەرچاوەی داهاتەکەی لە گەرووی هورمزەوە تووشی زیانێکی زۆر بووە و دەیەوێت بەپەلە گەرووەکە بکرێتەوە.
لە سەرەتای قسەکانیشیدا سەبارەت بە دەنگۆکان، جەختی کردەوە کە "هەواڵی چەواشەکارانە" لە کۆشکی سپیدا جێگەی نابێتەوە، چونکە ئەوە ماوەیەکی زۆری خایاندووە و زیانی بە وڵاتەکەیان گەیاندووە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە دۆخی ناوچەکە کرد و وتی: "سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنین و بەتەواوی کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکەین."
هەروەها ڕوونیکردەوە کە تاران بە داخستنی ئەو گەرووە خۆی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەورەترین گەمارۆی سەربازیی لە مێژوودا بەسەردا سەپاندووە و وەک خۆی دەڵێت، "دیوارێکی پۆڵاینمان لە دەوری گەرووی هورمز دامەزراندووە، بە جۆرێک ئێرانیش بەهۆی داخستنیەوە هیچ پارەیەکی نەماوە."
ترەمپ ئاشکراشی کرد، کە جموجووڵی بازرگانی لە گەرووەکەدا بەردەوامە و تەنها لە شەوی ڕابردوودا ٢٩ کەشتی بەوێدا تێپەڕیون.