دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا هەڵمەتێکی نوێی دیپلۆماسی دژی ئێران دەستپێدەکات

هەرێم نیوز

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ توندکردنەوەی سزاکان و زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان بەسەر ئێراندا، پەیوەندی بە زیاتر لە 50 وڵاتی جیهانەوە کردووە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی سزاکان.

ئەمڕۆ شەممە، 26ـی 9ـی 2026، واشنتن هەڵمەتێکی دیپلۆماسیی بەرفراوانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستپێکردووە بە مەبەستی ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە گەمارۆی تاران بدات و داهاتەکانی سنووردار بکات.

 لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسانی ئەمریکا پەیوەندییان بە زیاتر لە 50 وڵاتەوە کردووە بۆ ئەوەی هۆشدارییان پێ بدەن و ڕێگری بکەن لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی دارایی و بازرگانی کە یارمەتیدەر بێت بۆ دەربازبوونی ئێران لەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراون. 

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا وەک بەشێک لە ستراتیژیی گۆشەگیرکردنی ئێران هەژمار دەکرێت، کە تیایدا هەوڵ دەدرێت سەرجەم دەرچە ئابووری و بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە دابخرێن و هاوپەیمانان و وڵاتانی دیکەش ناچار بکرێن پابەندی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا بن.

لە ماوەی ڕابردوودا، ئەمریکا زنجیرەیەک سزای قورسی بەسەر کەرتی فڕۆکەوانی، نەوت، و دامەزراوە داراییەکانی ئێراندا سەپاندووە. 

ئەم هەنگاوە نوێیە بەشێکە لە ستراتیژیی "ئەوپەڕی فشار" کە واشنتن پەیڕەوی دەکات بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەوپەڕی ئاڵۆزیدان، و ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی ئابوورییەوە ئاراستەی بڕیارە سیاسییەکانی تاران بگۆڕێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP