هەرێم نیوز
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، که ٣٣٠ گوندی سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی ئامادەیی و جووڵەکانی پەکەکەوە بە چۆڵی ماونەتەوە و ڕێگە نادرێت دانیشتووانەکەیان بگەڕێنرێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، لە کاتێکدا ئەو گوندانە سەرچاوەی هەزاران هەلی کار و ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگی هەرێمی کوردستانن.
شەڕی پەکەک و تورکیا؛ ڕێگر لە گەیاندنی خزمەتگوزاری
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: "بەهۆی بوونی پەکەکە و شەڕ و پێکدادانی بەردەوامیان لەگەڵ سوپای تورکیا لە سنووری زنجیرە چیاکانی گارە، مەتین و زاپ، زیاتر لە ٣٣٠ گوند لە سنووری پارێزگای دهۆک بە چۆڵی ماونەتەوە و ڕێگە نادرێت هاوڵاتییان بگەڕێنەوە."
عەلی تەتەر جەختی لەوەش کردەوە: "ئەم گوندانە هەموویان قوربانیدەر بوون و ئەنفال و کیمیابارانیان بینیوە، شایانی ئاوەدانکردنەوەن، بەڵام پەکەکە ڕێگر بووە لەوەی حکوومەت خزمەتگوزاریی ئاو، ئەرەبا و ڕێگەیان پێ بگەیەنێت. تەنانەت هەندێک گوند کە خزمەتگوزاریشیان پێ گەیشتبوو، دووبارە بەهۆی ئەو شەڕەوە وێران بوونەتەوە."
کاریگەریی چۆڵبوونی گوندەکان لەسەر ڕێژەی بێکاری
هاوکات پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بە لێکەوتە ئابوورییەکان کرد و گوتی: "هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە دهۆک، چۆڵبوونی ئەو ٣٣٠ گوندەیە، چونکە ئەگەر خەڵکەکەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر زەوییەکانیان، هەزاران هەلی کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری دەڕەخسێت و ئابووریی ناوچەکە گەشەیەکی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت."
(ئەمە لە کاتێکدایە پەکەکە لەگەڵ کشانەوەی، چەندان شوێنی ڕادەستی سوپای تورکیا کردووە، بەڵام ئەو ناوچانە ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکاتەوە).