دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەژی ئەمین: هەموو هەوڵێکی بەغدا بۆ پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکەینەوە

هەرێم نیوز

ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە بڕیارەکەی عەلی زەیدی و هەنگاوەکانی بەغدا رایگەیاند، هەموو هەوڵ و پیلانێک ڕەت دەکەنەوە کە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل بکات و داوای یەکدەنگیی هێزە سیاسییەکان دەکات بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم.

نیگەرانی لە عەقڵییەتی ناوەندگەرایی بەغدا
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری بەیاننامەیەکی لەبارەی بڕیارەکەی عەلی زەیدی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: "جموجۆڵ و دەنگە نەسازەکانی بەغدا مایەی سەرسوڕمان و نیگەرانیی ئێمە و هەموو کوردپەروەرێکە."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە بنیاتنانەوەی عێراقی نوێدا، بەڵام بەغدا لەگەڵ بوونی سەقامگیرییەکی کاتیدا، جارێکی دیکە دەیەوێت بە عەقڵییەتی شموولی و مەرکەزییەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات.

بانگەواز بۆ یەکڕیزی و پاراستنی قەوارەی هەرێم
ئەژی ئەمین جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو هەوڵ و پیلانێکی بەغدا بۆ پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکەنەوە و رایگەیاندووە: "داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و کوردستانی گەورە دەکەم کە یەکدەنگ و پشتیوانیی یەکتر بین بۆ پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان."

لە کۆتاییی بەیاننامەکەشدا هاتووە: "ئەم قەوارەیە بەرهەمی خوێنی شەهیدانمانە، پاراستنیشی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و نەتەوەییی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەرە؛ هەر بۆیەشە داواکارین هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازییەکانی خۆیان وەلا بنێن، ئێمەش ئامادەین بە خوێنی خۆمان ڕووبەڕووی هەر مەترسییەک ببینەوە بۆ سەر قەوارەکەمان."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP