مەسەلەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن یەکێتی و هێزە شیعەکانەوە وەک کارتێکی گوشار دژی پارتی بەکاردێت، بۆ ئەوەی ناچاری بکەن سازش لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار بکات. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی "ڕەوتی هەڵوێست" ڕازی بووە وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنرێت، لە کاتێکدا خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەزانێت؟ بەڕاستی جێگەی تێڕامانە ڕەوتێک کە بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنبوون دەکات، قبووڵ بکات ببێتە ئامرازێکی گوشار بە دەست لایەنە دەسەڵاتدارەکانەوە دژی یەکتر؛ لە کاتێکدا ئەوان باش دەزانن بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی، دەستبەجێ (ئێکسپایەر) دەبن و لە گەمەکە دەچنە دەرەوە؛ بەتایبەتی ئەگەر پارتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار سازش بۆ یەکێتی بکات. جگە لەوەش، ڕەوتی هەڵوێست چاک دەزانێت کە ئەو پۆستە لە ڕووی ژمارەی دەنگ و کورسییەکانەوە مافی ئەو نییە.
بە کورتی، ئەوەی لە پەرلەمان ڕوویدا، سێ فاكتەری گرنگی لەپشت بوو:
1- دژایەتی كردنی پارتی لەلایەن بەرەی بەرگری (مقاوەمە) و گرووپە چەکدارە شیعەکان کە کورسییەکی زۆریان لە پەرلەمان هەیە. ئەمانە ڕەوتی هەڵوێستیان وەک کارتێک بۆ دژایەتیکردن و لێدان لە پارتی بەکارهێنا.
2- حەلبووسی و پارتەکەی تەقەدوم ویستیان لە ڕێگەی ڕەوتی هەڵوێستەوە تۆڵەی خۆیان لە پارتی بکەنەوە،ونکە پارتی دەنگی بە کاندیدەکەی ئەوان نەدابوو. ئەمە بەدەر لەوەی بەینی ھەر دوو لا خووش نییە.
3- یەکێتی نیشتمانیی کوردستانبە بەکارهێنانی كارتی ڕەوتی هەڵوێست، مەبەستی بوو گوشارێکی وا لەسەر پارتی دروست بکات کە لە پرسی سەرۆککۆماردا کێشەی بۆ دروست نەکات.
لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ڕەوتی هەڵوێست کە خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێت، چی بەدەستهێنا جگە لەوەی وەک کارتێک دژی پارتی بەکارهات؟ ئایا دروستە هێزێک ئیدیعای ئۆپۆزسیۆنبوون بکات، بەڵام ببێتە کەرەستەی دەستی لایەنێک دژی لایەنێکی تر، بێ ئەوەی لە قوڵایی گەمە سیاسییەکە تێبگات؟