دواین هەواڵ

پارتی هێزێک کە بە پیلانگێڕی ناشکێت

‌فرسەت سەید شوكر

3 کاتژمێر پێش ئێستا

مێژوو باشترین مامۆستایە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە هاوکێشە سیاسییەکان تێبگەن، بەڵام وادیارە نەیارانی پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا نەیانەوێت لەو ڕاستییە سادەیە تێبگەن کە "پارتی" تەنها ناوێکی سیاسی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە ئیرادەیەکی نەتەوەیی کە ڕەگی لە ناو قووڵایی مێژوودا چەسپاوە و بە هیچ ئیرادەیەکی خۆسەپێن ناشکێت.
هەندێک لایەن لە عێراق دەنگەرانیان، بە خەیاڵی لاوازکردنی پێگەی پارتی لە بەغدا، تووشی جۆرێک لە "شاگەشکەبوون" ببوون. ئەوان وا ڕایان دەگەیاند کە سەردەمی کاریگەریی پارتی لە عێراقدا کۆتایی هاتووە و دەتوانرێت لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییە کاتییەکانەوە پەراوێز بخرێت و ئیدی ڕۆڵی نەهێڵێدرێت و لە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکان بێت. بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرکەوتنی کاندیدەکەی پارتی، هەموو ئەو خەیاڵ و پیلانگێڕییانەی وەکو بڵقی سەر ئاو لێکرد.

سەرکەوتنی پارتی لە بەغدا و دەرچوونی کاندیدەکەی کە (فەرهاد ئەترووشی) بوو، لە ڕاستیدا وەڵامێکی کردەیی بوو بۆ هەموو ئەو "موئامەرە" ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە دەیانویست قورسایی پارتی تاقیبکەنەوە. 
ئەم سەرکەوتنە دەریخست کە پارتی هێزێکی کاریگەر، یەکلاکەرەوە و خاوەن ستراتیژێکی وردە کە ناتوانرێت لە هیچ هاوکێشەیەکی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا فەرامۆش بکرێت. پارتی سەلماندی کە زمانێكی دیپلۆماسیی بەهێز و پێگەیەکی جەماوەریی وای هەیە کە دەتوانێت هەموو بەربەستەکان ببڕێت.

پێویستە نەیارانی پارتی چیتر وزەی خۆیان لە تاقیکردنەوەی شکستخواردوودا بەفیڕۆ نەدەن. مێژووی ٧٩ ساڵەی ئەم حزبە پڕە لەو وێستگانەی کە نەیارانی ویستوویانە لێی بدەن، بەڵام هەر جارێک پارتی بەهێزتر لە جاران گەڕاوەتەوە سەر شانۆکە. نهێنی ئەم مانەوەیەش لە "باوەڕ و ئیرادە" دایە. 

لە کۆتاییدا دەڵێین؛ ئەوەی دەیەوێت لە 
گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و عێراقدا بمێنێتەوە، دەبێت ڕێز لە پێگەی پارتی بگرێت و لەبری پیلانگێڕی، پەند لە مێژوو وەربگرێت. چونکە پارتی هەمیشە وەک چیاکانی کوردستان، لە لوتکەی سەرکەوتندا دەمێنێتەوە و بە هیچ زریانێکی کاتی لەرزەی تێناکەوێت. پارتی هێزی کردارە، نەک تەنها دروشم، هەر بۆیەش لە هەموو تاقیکردنەوەکاندا بە سەربەرزی دێتە دەرێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP