دواین هەواڵ

ململانێی نێوان ئێماڕات و سعووديە؟

‌رەنج نەوزاد

2 کاتژمێر پێش ئێستا

پاش چەندين ساڵ لە هاوپەيمانێتی و پشتگيری کردن لە یەکتر لە زۆربەی پرسەکان، سعووديە و ئيماڕات لەسەر پرسی یەمەن بەرەو ناکۆکی و ململانێ دەڕۆن. دوێنێ بۆ یەکەم جار سعووديە بە فەرمی ئيماڕاتی تۆمەتبار کرد بە هاوکاری و ناردنی چەک بۆ دەسەڵاتی باشووری یەمەن. 

لە سەردەمی ئەوەی پێی دەڵێن بەهاری عەرەبی، هەردوو دەوڵەت لەسەر زۆربەی پرسەکان هاوڕا بوون و بەیەکەوە کاريان دەکرد، بەڵام ئەو کاتيش لەسەر پرسی یەمەن جۆرێک لە ناکۆکی و جياوازی لە بۆچوون و سياسەت هەبوو لە نێوانيادا. چەقی ململانێکە لە یەمەن دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ئەوەی لای سعودييە هەژموونی ئێران هەڕەشەی یەکەمە و ئيسلامی سياسی دووەم، لای ئيماڕات هەڕەشەی یەکەم و سەرەکی ئيسلامی سياسييە و دووەم ئێرانە. لە یەمەن، سعوودييە ئامادەیە نەرمی بنوێنێت لەگەڵ ئيخوان و ئيسلامی سياسی لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی حووسی و هەژموونی ئێران. ئيماڕات ئامادەیە نەرمی بنوێنێت بەرانبەر بە ئێران لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی ئيخوان. 

ئيماڕات، لە یەمەن، پشتگيری حکومەتێک، یان ميليشيایەک دەکات بە ناوی ئەنجومەنی کاتی لە باشوور، سعووديە پشتگيری حکومەتی فەرمی یەمەن، پێی دەڵێن شەرعی، دەکات. لەناو حکومەتی شەرعی ئيخوان هەیە، ئەمە ئيمارات نيگەران دەکات. ئەنجومەنی کاتی لە باشوور دژە ئيخوانە. 

هۆکارێکی تر ئەوەیە، ئيماڕات پێی وایە کۆمەڵێک دەوڵەتی وەک یەمەن و سوودان و سۆماڵ و ليبيا، تا ڕادەیەک سورياش، نابنە دەوڵەتێکی راستەقينە و پێويستە دابەشبکرێن، ئيتر بە درووستبوونی دەوڵەتی نوێ و فەرمی، یان دەوڵەت و هەرێمی ديفاکتۆ، ئەگەر نا ئيسلامی سياسی و ئيخوان دۆخەکە دەقۆزنەوە و دەگەنە دەسەڵات. 

نەخشەی دابەشبوونی هێز لە یەمەن؟ 

یەمەن لە ڕووی جوگرافييەوە بە یەکێک لە گرنگترين وڵاتەکانی جيهان دادەنرێت. کەنار دەڕیاکانی دەڕوانێتە سەر دەریای عەرەب و کەنداوی عەدەن  (بەشێکن لە ئۆقيانووسی هيندی) هەر وەها دەوڵەتی سەرەکييە لەسەر بابولمەندەب و دەڕوانیتە سەر دەريای سوور. واتە ڕێگای سەرەکی نێوان ئاسيا و ئەوروپا. دەکرێت بوترێت ٩٩٪ی گرنگی کەناڵی سوێسی ميسری، بۆ ئەو رێگایە دەگەڕێتەوە. 

ئەنجومەنی کاتی لە باشوور، بە پشتگيری ئيماڕات دەوروبەری ٥٢٪ی خاکی یەمەنی لەژێر کۆنتڕۆڵە. ئەم ناوچەیە هەر چەند لە ڕووی دانيشتوانەوە زۆرينەی یەمەنييەکان لەخۆناگرێت، بەڵام لە ڕووی سامانی سروشتی و بەندەر و کەنارەکانی دەريا، گرنگترينە. دەوروبەری ٧٠٪ی کەنار دەريای یەمەن، تەواوی کەناری وڵاتەکە لەسەر دەريای عەرەب و کەنداوی عەدەن، دەکەوێتە ئەم ناوچەیە، هاوکات لە ڕێگەی شاری (لج)ەوە دەڕوانێتە سەر بابولمەندەب. شارە گرنگەکانی وەک عەدەن و (حضرموت) کە گەورەترين شاری یەمەنە لە ڕووی ڕووبەرەوە، لەژێر دەسەڵاتی ئەو حکومەتە پڕۆ ئيماڕاتيەیە. لە ماوەی مانگی ڕابوردوو، ئەنجومەنی کاتی بە هاوکاری ئيماڕات پێشڕەوییەکی گەورەی ئەنجامدا، توانی هەردوو شار (حضرموت والمهرة) بگرێت، واتە گەيشتە رۆژهەڵات و باکوری یەمەن کە هاوسنوورە لەگەڵ عومان و سعودييە. هەرچەند حکومەتەکە وەک ناو تايبەتە بە باشووری یەمەن، بەڵام وەک جوگرافيا زۆر فراوانترە. 

حووسييەکان بە پشتگيری ئێران نزيکەی ٣٥٪ی یەمەن، بە سەنعای پايتەختەوە، لەژێر کۆنتڕۆڵە، ئەم ناوچەیە لە ڕووی دانيشتووانەوە زۆريینەی یەمەنييەکان لەخۆدەگرێت.

حکومەتی فەرمی یان شەرعی بە پشتگيری سعوودييە تەنيا ١٠-١٢٪ی ڕووبەری یەمەنی بەدەستە، ئەوەش بە شێوەیەکی بچڕ بچڕ و دابڕاو لە یەکتر. هەر دوێنێ ئەم حکومەتە داوای کرد ئيماڕات هەموو هێزەکانی بکشێنێتەوە لە یەمەن.  هێزەکانی سەر بە ئيماڕات، تا ڕادەیەک دەتوانن حکومەتی شەرعی و حووسی گەمارۆ بدەن. 

سعوودييە دەيەوێت هەموو یەمەن یەکبخات و لەژێر دەسەڵاتی شەرعی بێت. ئيماڕات پێی وایە ئەم پلانە واقعی نييە، دەچێتە سوودی ئيخوان یان ئێران. چونکە دەسەڵاتی شەرعی، کە ئيخوانەکانيش لە خۆدەگرێت، بێ ئەندازە گەندەڵ و لاواز و بێ ئيرادە و شکستخواردوون. بۆیە ئيماڕات، لە واقعدا، وا ديارە هەوڵی ئەوە دەدات بەشێک لە یەمەن بکاتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئەو بەشەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی کاتييە، دەوڵەتێک کە دژی ئيسلامی سياسی و ئێران، و پرۆ ئيمارات بێت.سعودييە ئەمە بە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئاسايشی نەتەوەیی و بە شکستێکی ستراتيژی دادەنێت، چونکە پاش پێشڕەوييەکانی ئەنجومەنی کاتی، بەشێکی گەورەی ڕووبەری ژیر دەسەڵاتی هاوسنووری سعووديەیە. هاوکات ساڵانێکی زۆرە سعوودييە سەرقاڵی پرسی یەمەنە و وزە و داهاتێکی گەورەی لەو بابەتە خەرج کردووە، نایەوێت بەو شکستە گەورەیە لێی دەربچێت.

جارێ ڕوون نييە ئایا دەگەنە ڕێککەوتنێکی دياريکراو، یاخود دەسەڵاتی باشووری یەمەن سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت و ململانێکە قووڵتر دەبێتەوە. یاخود سعودييە ئەو واقعە قبوڵ دەکات بەو مەرجەی ئەنجومەنی کاتی لە هەردوو شارەکانی (حضرموت والمهرة) بکشێنەوە، چونکە کێشەکە هەر چەند کۆنە، بەڵام بە هۆی گرتنی شاری حضرموت-ەوە تەقييەوە. 

دوێنێ بۆ یەکەمجار، سعوودييە بە فرۆکە هێرشێکی سنوورداری ئەنجامدا دژی ئەو چەک و هاوکارييە سەربازييانەی کە لە ئيماڕاتەوە گەيشتبوونە یەمەن. پاشان بە بەياننامەی فەرمی ئيماراتی تۆمەتبارکرد. پێش هێرشەکە ئاگاداری بڵاوکرایەوە، بۆ ئەوەی هيچ ئيماراتييەک پێوە نەبێت و کێشەکە قووڵ بێتەوە. بۆیە زیاتر وەک پەيامێک بوو کە سعووديە بە تەواوی نيگەرانە لە سياسەتەکانی محەمەد زايد. 

بە گشتی، وڵاتانی کەنداو، زۆربەی کات ناکۆکی و ململانێيان هەبووە، بەڵام هەڕەشەکان یەکيان دەخات. بۆ نموونە لە کاتی جەمال عەبدولناسر، بە یەکەوە دژی تەوژمنی ناسيوناليستی دەجوڵانەوە، ئەو کات هاوکاری ئيخوانەکانيان دەکرد دژ بە عەبدولناسر. پاشان بە یەکەوە دژی تەوژمی سۆسياليستی و سۆڤيەت بوون. لە بەهاری عەرەبی، ئيماڕات و سعووديە بە یەکەوە دژی ئەو تەوژمە ڕۆڵێکی مێژووییان بينی و ناوچەکەیان پاراست لە تەوژمێکی ترسناکی تيرۆری ئيسلامی کە خەريک بوو دەسەڵاتی زۆربەی وڵاتەکانی ناوچەکە بگرنە دەست. هاوکات، هەر تەوژمێکی ديموکراسی هەبێت، یەک دەگرن لە دژی. جگە لەو ستايلە دەسەڵاتەی کە لەکەنداو هەیە، هەموو پڕۆژەیەکی سیاسی و ئايدۆلۆژیایەکی دينی و ڕاست و چەپ ڕەت دەکەنەوە. بێ گومان، ئەگەر بە پێوەری رۆژئاوایی هەڵسەنگاندن نەکەين، ئەو سياسەتە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە گەشە و سەقامگيری کەنداو، مرۆڤی نيمچە دوورگەی عەرەب جگە لە تيرۆر و ئەو ستايلە حوکمەی کە هەیە، دەتوانن چ پرۆژەیەکی تر پێشکەش بکەن؟ بۆیە بە دڵنياییەوە ئەم ستايلە لە دەسەڵات زۆر باشترە لە تيرۆر. (قەتەر هەر چەند لەناوخۆ هەمان سياسەتی ئيمارات و سعوودييە پەيڕەو دەکات، بەو مانایەیی، هەموو جوڵەیەکی ئيسلامی سياسی و ئايدۆلۆژی و ديموکراسی و پڕۆژەی سياسی و ريفۆرم ڕەت دەکاتەوە، بەڵام لە سياسەتی دەرەوە هەموو ئەوانە بەکاردەهێنێت دژی ئيمارات و سعوودييە). 

ئيسرائيل بە دڵنيایەوە لەگەڵ پڕۆژەکانی ئيماراتە، ئاستی هاوڕایی ئيماڕات و ئيسرائيل، بۆ زۆر پرسی سياسی لەناوچەکە، بەرزەترە لە ئاستی هاوڕایی ئيسرائيل و ئەمريکا. ئەو جۆرە ساردی و نيگەرانیەیی سعوودييە بەرانبەر بە ئيسرائي هەیە لە ئێستادا، هۆکارەکەی بۆ غەززە ناگەڕێتەوە، غەززە وەک هەميشە هەر پاساوە و هيچی تر، بەڵکو هۆکارەکەی ئەو نزيکایەتیەیی ئيمارات و ئيسرائيلە لەسەر ئەو بابەتانە. 

لە سودان و سۆماڵيش، ئيمارات و سعودييە ناکۆکی جديان هەیە، بەڵام جارێ نەبووە بەياننامەی فەرمی. پێش ماوەیەک سعووديە هەنگاوی توندی  دژ بە هێزەکانی پشتيوانی خێرا لە سوودان گرتەبەر، کە ئيماڕات پشگيريان دەکات. هەر پاش ماوەیەکی کورت، ئيمارات لە سۆماليالاند و یەمەن (بە گرتنی حضرموت) وەڵامی سعووديەیی دایەوە. محەمەد بن سەلمان باش تێگەيشت لەو وەڵامە، هەر بۆیە دوێنێ بە بەياننامەی فەرمی ئيماراتی تۆمەتبار کرد و هێرشێکی سەربازيشی ئەنجامدا دژ بە هاوکارييە سەربازييەکانی ئيمارات لە یەمەن. ئەو هەنگاوە ڕاستەوخۆ مانای ئەوە بوو کە مەحەمەد سەلمان، پێی وایە محەمەد زايد هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە، و بێ زاری سعوودييە و نيگەرانييەکەی گەيشتووەتە لوتکە. 

 ئيسرائيل لە یەمەن و سۆماڵيلاند بە تەواوی لەگەڵ ئيماڕاتە، ماوەیەکە ئيماڕات دەيەوێت ئيسرائيل لە سودانيش خۆی یەک لابکاتەوە و پشتيوانی هێزەکانی حەميدتی بکات. چونکە لە سوودان، هەردوو بەرەکە، پەيوەندييان ئاساییە لەگەڵ ئيسرائيل، ئيسرائيل پێشنياری کرد هەردوو بەرەکە لە تەل ئەڤيڤ دانيشن و رێکبکەون. ئيماڕات دەيەوێت ئيسرائيل لەوێش پشتگيری یەک لایەن بکات و دژی لایەنەکەی تر بجوڵێنەوە کە سوپای سودانە. ئەگەر زۆرە ئيسرائيل ئەو هەنگاوە بنێت. لە ئێستادا هەرێمی دارفور، ناڕاستەوخۆ، لە ژێر هەژموونی تەواوەتی ئيماڕاتە.

لە غەززە، کە ميدياکان ئاماژەی پێناکەن، ئيماڕات جموجوڵێکی گەورەی کردووە. لە ئێستادا نزيکەی ٦٥٪ی غەززە، نەک ٥٣٪ وەک لە رێککەوتنەکە هەیە، وەک سەربازگەی ئيسرائيلە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکشێت، ئەوەی ماوەتەوە ئۆردۆگایەکی گەورەیە و نزيکەی ٢ مليۆنی تیایە، پاشماوەکانی حەماس لەوێن، ژیان لەو ئۆردۆگایە بە تەواوی پەيوەستە بە ڕەزامەندی ئيسرائيل. لەو ناوچەیی غەززە کە بووە بە سەربازگەی ئيسرائيل، هاوکات لە ئۆردۆگا گەورەکەش، ٥-٦ ميليشيای چەکدار درووست بوونە، واتە بە حەماسەوە، نزيکەی ٧ ميليشيا هەیە لە غەززە. ميليشياکانی دژ بە حەماس ناوچەی زیاتريان بەدەستە، چونکە لە زۆنی ئيسرائيل چالاکن وبارەگایان هەیە، لەناو ئۆردۆگا گەورەکەش ئامادەییەکی بەهێزيان هەیە. ئيماڕات پەيوەندی درووستکردووە لەگەڵ ئەو ٥-٦ ميلشيایەیی غەززە کە دژە حەماسن. لە غەززە، تەنيا ئيمارات ئازادە لە کارکردن و ناردنی هاوکاری و درووستکردن هەندێک پڕۆژەی مرۆیی. جگە لەو، ئيسرائيل ئەو ئازادييەیی بە هيچ وڵات و ڕێکخراوێکی تر نەداوە. 

لە ئەسيوپیا و سوريا و لوبنانيش ئەگەر زۆرە سيماکانی هاوپەيمانێتی ئيسرائيل و ئيمارات دەربکەوێت. 

کێشەی سەرەکی ئيماڕات ئەوەیە، بە پێچەوانەی ئيسرائيل، توانای جەنگ و شەڕی ڕاستەوخۆی زۆر کەمە، زیاتر بە چەتەی کۆڵۆمبی و شيلی و ئەفريقی شەڕ دەکات. ئەوەش هۆکاری زۆرە، مەسەلەکە چەک نييە، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و مێژوویی و ژێرخانەوە ئامادەی جەنگ نين، قەتەر و ئەوانی تريش بە هەمان شێوە. لە کاتێکدا ئيسرائيل بە جەنگ درووست بووە و ماوەتەوە، ئابووری و پەروەردە و حکومەت و ژێرخان و پيشەسازی... لەسەر بنەمای جەنگ بنياتنراوە، بەو مانایەیی هەموو کات ئامادە بێت بچێتە جەنگەوە. بۆیە ئيماڕات پێويستييەکی زۆری بە ئيسرائيل هەیە. هەرچەند ئيسرائيل ناچێتە هاوپەيمانێتی سەربازييەوە بە شێوەی فەرمی، بەڵام دەکرێت هاوکارييەکی گەورەی ئيمارات بکات لە چەندين ڕووەوە، هاوکات ئيسرائيليش پێويستييەکی گرنگی بە ئيماڕات هەیە. 

سەرکردایەتی کورد لە باشوور و رۆژئاوا، پێويستە بە وردييەوە برواننە ئەو هاوکێشەیە. بەرەی ئيسرائيل و ئيماڕات بە گشتی لە بەرژەوەندی کوردە، لە زیانی هەر چوار داگيرکەرەکەی کوردستانە.

لە یەکەم کۆمێنت: توێژينەوەیەکی دکتۆر شێرکۆ کرمانج و من بە زمانی ئينگليزی سەبارەت بە سياسەتی ئيمارات، وردەکاری زۆر تیایە. 

دووەم کۆمێنت: توێژينەوەیەکی خۆمە بە زمانی عەرەبی سەبارەت بە سياسەتی قەتەر لە کەنداوی عەرەبی کە سوودی هەیە بۆ تێگەيشتن لەو بەرژەوەندييە دژ بە یەکانە و هاوکێشەکە بە گشتی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP