دواین هەواڵ

ئێران لە نێوان دوو ئاگردا؛ شەقامی ناڕازی و هەڕەشەی هێرشی سەربازی

‌هۆشەنگ مام ساڵەح

4 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبوونەوەی دوایی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گۆڕانێکی گەورە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران؛ کە تێیدا بژاردەی سەربازی وەک ئەگەرێکی جددی و نزیک خراوەتە سەر مێزی گفتوگۆ. شیکەرەوە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە هەردوولا لەسەر پلانێکی کاریگەر ڕێککەوتوون بۆ لێدانی بنکە و سەرچاوە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران.

ساڵانێکی زۆر بوو ئەمریکا تەنها "بەرنامەی ئەتۆمیی" ئێرانی وەک هێڵی سوور دادەنا، بەڵام ئێستا ترەمپ هێڵە سوورەکەی فراوان کردووە بۆ سەر "بەرنامەی مووشەکی" ئەمە بۆ تاران پەیامێکی زۆر مەترسیدارە، چونکە ئەمریکا دەیەوێت ئێران لە هەموو چەکێکی کاریگەر داماڵێت؛ ئەمەش وڵاتەکە دەخاتە ناو دڵەڕاوکێیەکی ئەمنی و سیاسیی قووڵەوە کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە.

ئامانجی هێرش بۆ سەر بنکە مووشەکییەکان، پەکخستنی توانای بەرگری و هێرشبەریی سوپای پاسدارانە. ئەم هەماهەنگییەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا تەنها بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل نییە، بەڵکو فشارێکی هەمەلایەنەیە بۆ سەر تاران تا ناچار بە پاشەکشە بکرێت لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان بریکارەکانی، تێکشکاندنی ژێرخانی مووشەکی، بە واتای لەدەستدانی گەورەترین کارتی هێز و تێکچوونی ئەو هاوسەنگییە ناوچەیییەیە کە ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی پشتی پێ دەبەستێت.

لە ڕووی ناوخۆیییەوە، ئەم هەڕەشە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ئێران بەدەست قەیرانێکی قووڵی داڕمانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت و ناڕەزایەتییەکان بەردەوامییان هەیە؛ مانگرتن و خۆپێشاندان لە تارانی پایتەخت بە شەو و ڕۆژ بەردەوامە. لێدانی بنکە سەربازییەکان لەم کاتەدا، دەکرێت درزەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵات فراوانتر بکات؛ چونکە لەبری ئەوەی ببێتە هۆی یەکگرتوویی نەتەوەیی، ئەگەری زۆرە لەلایەن گرووپە ناڕازییەکانەوە وەک دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانی سەرتاسەری و شکاندنی شکۆی هێزە ئەمنییەکان بقۆزرێتەوە.

حکومەتی ئێران، کە ئێستا لە ڕێگەی سێدارە و سەرکوتەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی شەقام دەدات، لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە: یان دەبێت ڕووبەڕووی هێرشێکی توندی دەرەکی بێتەوە کە ژێرخانی سەربازیی تێکدەشکێنێت، یان ڕووبەڕووی تەقینەوەیەکی ناوخۆیی ببێتەوە کە بەهۆی بێزاریی خەڵک و لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندییەوە دروست دەبێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP