دواین هەواڵ

چۆن ژیان ڕام بکەین ؟!..

‌د.سالار عوسمان

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ـ زۆرجار پێویستە ئێستێک بکەیت و بزانی لە کوێی و چی دەکەی و، بەرەو کام بەیانی هەنگاو دەنێی، سەری ساڵ، ئەو ساتانەی ساڵ پۆشاکەکانی خۆی ئەگۆڕێت، ئەو ساتە لەبارانەن، کە پێویستە تیایدا بەدوای وەڵامەکاندا بگەڕێی؟ بەڵام ئێمە ئەوە ناکەین، ئێمە بەردەوام نامەی پیرۆزبایی دەنێرین بۆ یەکتر، ئەو نامانەی هەموویان وێک دەچن و هیچ ڕۆحێکیان تێدا نییە، ئێمە بەردەوام نان دەخۆین، دەخۆینەوە و سەما دەکەین، بێ ئەوەی بزانین لە کوێین؟ لە کام شوێنکاتداین و ژیان چی ویست و ئێمە چیمان لە ژیان ویست، ژیان چی لە ئێمە کرد و ئێمەش چیمان لە ژیان کرد، ئەمە پرسیارە گەورەکەیە، کە من لێرەدا دەمەوێت لە دوتوێی پیرۆزباییدا بیورووژێنم.

ـ گرنگ نییە ژیان چی دەوێت، گرنگ ئەوەیە تۆ چیت لە ژیان دەوێت، گرنگ نییە ژیان چی دەکات، گرنگ ئەوەیە تۆ چی لە ژیان دەکەیت، ژیان بە هەردوو باڵی (جوانی) و (قەساوەت)ەوە دەڕوات، دەبێ تۆش لە بەرامبەریدا، بە هەمان (جوانی) و (قەساوەت)ەوە بڕۆیت و ململانێ بکەیت، نابێ خۆت ڕادەستی ژیان بکەیت، دەبێ خۆت بڕیار بدەی کە چ ژیانێکت دەوێت، کەواتە دوو جۆر مرۆڤ و دوو جۆر ژیانکردن هەیە، جۆری یەکەم ژیان چیت دەداتێ، بەواتای خۆڕادەستکردن بە ژیان، جۆری دووەم تۆ چیت دەوێ لە ژیان و دەتەوێ چۆن بژی، بە واتای ململانێکردن لەگەڵ ژیان و، ڕامکردنی ژیان لەگەڵ خۆتا.

ـ جۆری یەکەم ژیانە نێگەتیڤەکەیە، کە زۆربەی مرۆڤەکان، تایبەت ڕۆژهەڵاتییەکان دەگەڵیدا ڕێ دەکەن و سەریان خستۆتە سەر سەرینی تەمبەڵییەکی بخۆرەوە، جۆری دووەمیش ژیانە پۆزەتیڤەکەیە، کە کەمینەیەک، سەرسەختانە خەریکین و دەیانەوێت لەبری کائینێکی بخۆر ببن بە بیرکەرەوە و ژیان دەگەڵ بیرکردنەوەکانیاندا ڕام بکەن!.

ـ تۆ لەکامیانیت؟.. لە جۆری یەکەم، یان دووەم ؟.. ئەگەر لە جۆری یەکەمدای، کەواته چاوەڕێی ژیان دەکەیت تا شێتک، بەها و سەرکەوتنێکت پێ ببەخشێت، کە لێرەدا دڵنیات دەکەمەوە، ژیان هیچ سەرکەوتێکت پێشکەش ناکات، دەبێ خۆت بڕیار بدەیت، دەبێ ململانێ بکەیت، دەبێ ژیان دەگەڵ خۆتا ڕام بکەیت و بە (قەساوەت)ەوە سەرکەوتن دروست بکەیت، سەرکەوتنێک، کە بە (جوانی)ت بسپێرێت، کەواتە بڕیار بدە و، ببە بە خاوەنی پرسیار، ببە بە بوونەوەرێکی بیرکەرەوە و ململانێ بکە، خۆت ڕادەستی ژیان مەکە و، جۆری دووەم هەڵبژێزە !..

سالار عوسمان
31/12/2025

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP