دواین هەواڵ

ئایە لەم قۆناغەدا دەوڵەت بۆ كورد گرنگ نییە؟

‌کارزان گلی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

زۆرجار بەرپرسانی پەكەكە، بەئیلهام وەرگرتن لە عەبدوڵا ئۆجەلان، باس لەوە دەكەن دەوڵەت گرنگ نییە، دەبێت بیر لە كۆمەڵگەی دیموكرات و كۆماری دیموكرات بكرێتەوە، چونكە دەركەوت لە سووریا و عێڕاق و لوبنان و توركیا، دەوڵەت زیاتر بۆ داپڵۆسینی میللەت بووە و خەڵكەكەیان خۆشیان لەو دەوڵەتە نەبینیوە.

ئەمانە و زۆر قسەی تر، بەگوێ كورددا دەدەن، كارەسات ئەوەیە نەوەی ئێستا، كە بینیمان چۆن لە پرسی رۆژئاوای كوردستان، وەكوو شێر هاتنە مەیدان و بەرگرییان لە میللەت كرد و هەستی نیشتیمانیان چەندە بەرز و پڕ شكۆ بوو، كەچی پێیان دەڵێن دەوڵەت بۆ كورد گرنگ نییە، دەوڵەت لەبری سوود، زیان بە كورد دەگەیەنێت، ئەمەش مەترسیترین بەرنامە و پلانە بۆ نەوەكانی داهاتوومان و رەنگە نەعلەتمان لێ بكەن.

هەر بۆخۆیان دژی دەوڵەتن و رەتی دەكەنەوە، كەچی دێن داوای كۆمەڵگەی دیموكرات و كۆماریی دیموكرات بۆ توركیا و سووریا و عێڕاق دەكەن، كەواتە ئەوان كێشەیان نییە تورك و عەرەب و فارس دەوڵەتیان هەبێت، بەڵام كورد با نەیبێت و هەوڵی ئەوە بدات ئەو وڵاتانە بكاتە دیموكرات و وڵاتێك رێز لە بەهاكانی مرۆڤ بگرێت.
ئەوەی بەرپرسانی باڵای پەكەكە ئیدعای بۆ دەكەن، رێك ئەو سیستەمە كۆمەنیستەیە كە ماركس و لینین خەونیان پێوە بینیوە و بەخەیاڵیش نایەتە دی، ئەویش گەیشتنە بە قۆناغی (كۆمەنیستی)، واتە ئەگەر كۆمەڵگە بگاتە قۆناغی كۆمەنیستی و چینایەتی بوونی نەمێنێت و گورگ و مەڕ بەیەكەوە ئاو بخۆنەوە، ئەوكات دەوڵەت بوونی نامێنێت و هیچ پێویست نییە، لینین چەندین جار ئەمەی باس كردووە و شی كردووەتەوە، بەڵام نەمانی چینایەتی لە جیهاندا لە یۆتۆپیا زیاتر هیچی تر نییە.

دەكرێت پرسیارەكە روونتر بكەینەوە، ئەی ناكرێت لە سەدەی ٢١دا، خەبات بۆ ئەوە بكەین كورد دەوڵەتی هەبێت و ئەو دەوڵەتەی خۆمان بەدیموكرات بكەین، بۆچی دەوڵەتی تورك و فارس و عەرەب بەدیموكرات بكەین و ئێمەش لەناو ئەو دەوڵەتەدا كەمینە بین؟

چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، ڤیدیۆیەكی بەڕێز (فایەق گوڵپی)م بەرچاو كەوت، رێزم بۆی هەیە و كەسێكی خەباتگێڕ و دڵسۆزە، بەڵام دەیگوت ئەگەر باكووری كوردستان بكرێتە دەوڵەت، ئەی چی لە كوردانی شارەكانی تر بكەین وەكوو ئیستانبۆڵ، كە زۆرترین كوردی لێیە.

بەڕاستی ئەمە پاساوێكی زۆر لاوازە بۆ ئەوەی كورد دەوڵەتی نەبێت، هەر خۆی گوتەكانی گوڵپی، روون بوو بەوەی كەوتووەتە ژێر ئایدۆلۆژیای بەرپرسانی پەكەكە و دڵنیاشم بۆ خۆی بەنابەدڵی ئەو گوتانەی گوت و رەتی دەوڵەتی كوردی كردەوە، چونكە عەقڵم قبوڵی ناكات سیاسییەكی بەئەزموونی وەكو گوڵپی دژی دەوڵەت بێت بۆ كورد.

لە بولگاریا زیاتر لە یەك ملیۆن تورك بوونی هەیە، كە دەكاتە ٨.٤٪ی رێژەی دانیشتوانی بولگاریا، ئایە توركیا كاتێك كۆماری دروست كرد، گوتی نابێت كۆمار دروست بكەین، چونكە یەك ملیۆن تورك لە بولگاریا هەیە و ئەی ئەوان چی بكەن؟

كاتێك ئیسرائیل دەوڵەتی دروست كرد، ملیۆنان جولەكە لە پۆڵۆنیا و وڵاتانی ئەورووپا و رووسیا بوونیان هەبوو، ئیسرائیل گوتی دەوڵەتم ناوێت، چونكە جولەكە لە وڵاتانی ئەورووپا دەژێت و ئەی ئەوان چی لێ بكەین؟

ئەمانە پاساوی زۆر لاوازن، تۆ دەوڵەت دروست بكە، كوردانی ئیستانبۆڵ و ئیزمیر، با خاوەنی دوو ناسنامە بن، ناسنامەی توركیا و كوردستان، ئەمە كەی كێشەیە تا پاساو بهێنێتەوە و بڵێت لەبەر ئەو كوردانەی ئیستانبۆڵ، نابێت باكوور ببێت بەدەوڵەت.

خراپترین دەوڵەت لەسەر ئاستی دونیادا، هەزار بەرامبەر لەوە باشترە ژێردەستەی تورك و عەرەب و فارس بیت، هەر بۆ نموونە سەنگاپوورە خراپترین دەوڵەت بوو، بەڵام دوای دەیان ساڵ، ریفۆڕمیان كرد و شۆڕشێكی گەورەی ئابووریان دەستپێكرد و ئێستا خۆشگوزەرانترین وڵاتی جیهانە و پاسپۆرتەكەشی یەكەمی جیهانە.

ئێوە بڕواتان بە دیموكراتیبوونی توركیا و سووریا هەیە، دەڵێن پێویستە لەگەڵ ئەواندا یەك سوپامان هەبێت، ئاخر ئەنتیگراسیۆنی دیموكراتی، لەگەڵ وڵاتێكی وەكوو سوید دەكرێت، یان فینلەندا و وڵاتانی تری ئەورووپا، لەگەڵ وەحش و گورگدا ناكرێت، فەرموو چەكتان رادەستی دیمەشق كرد، ئەو هەڵیكوتایە سەرتان و زیاتر لە ٩ هاووڵاتی كوردیان سووتاند و هی تریشی بەدواوەیە، هەموومان لەگەڵ ئاشتی و بێدەنگكردنی چەكەكانین، بەڵام لەگەڵ تەسلیمبوون نین، چونگكە تەسلیمبوون كارەساتە و شكاندنی شكۆی نەتەوەیەكە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP