دواین هەواڵ

گەمژەیی پیرۆز دوای مردنی شار

‌ئاسۆ حاجی

2 رۆژ پێش ئێستا

وێرانی و بەسەر یەکدا ڕووخانی دار و بەرد، تاکە ئاماژەی مردنی شارەکان نیە، مردنی شار ئەو دەمەیە، کە وێرانە دەبێتە بەشێک لە گیان و کۆیادی دانیشتووانەکەی. خۆ شار هەر بریتی نیە لە ژمارەییەک خانوو و باڵەخانەی پێکەوە لکاو یان ڕێزکراو. شار فەزایێکە بۆ عەقل، ڕووبەرێکی گفتوگۆ و خاڵی جەختکردنەوەیە لە فرەڕەنگی و فرەدەنگی. مردنەکەی کوشتنی گیان و هێزی ڕەخنەگرتنە، کە خەڵکەکەی دەبنە نوزەی پاڕانەوە و دەستبەرداربوون لە واتاکانی مەزنی و هەبوون.

دوای مردنی شار، دەنگێکی دیکە بەرزدەبێتەوە و دەبیسترێ، ئەویش دەنگی گەمژەیی پیرۆزە، دەنگێک بە وەهمی یەقین و باڵابوون ڕازێندرایتەوە، وەک حەقیقەتێکی موتلەقی قسە هەڵنەگر ڕادەگەیەندرێت. ئەو جۆرە لە گەمژەیی، گەمژەییەکی سادە و ئاسایی نیە، بەڵکو گەمژەییەکی ڕێکخراوە، بەرنامە بۆ داڕێژراو و پلانکراوە، بەرهەمی ئەو دەسەڵاتەیە، کە شاری ناشتووە، لە ڕێگای میدیا و مینبەر و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیشیدا، چیڕۆک بۆ مەرگی شار دەهۆنێتەوە و دەیکاتە پێوەری ئەخلاق و ئینتیما.

گەمژەیی پیرۆز، پێویستی بە ژینگەیەکی بێ ڕەخنە و بێ دامەزراوەی مەدەنی و ڕووبەری گفتوگۆیە، کاتێک شار وەک هەبوونێکی فکری و بەرهەمهێنەرێکی مەعریفە دەمرێت، ئەوکات داڕشتنەوەی واتا و ناساندنی شتەکان بەگوێرەی فەرهەنگی گوێڕایەڵی و ملکەچبوون دەبێت: ملکەچبوون بۆ (سەرۆک، سەرکردە، فەرماندە) بۆ حیزب و بۆ گروپێک لە پەنای ناوی نیشتیمان و هەندێکجاریش لە پەنای ناوی ئاین و خودا. هەر ناڕەزایەتیێک دەبێتە خیانەت و هەر لێپێچینەوە و بەدوادچوونێک وەک تاوان و لادان هەژمار دەکرێت.

بەو شێوەیە دیمەنەکە تەواو دەبێت: شارێکی مردوو، کۆڵان و شەقامی تژی لە بێدەنگی و ترس، میدیایەک کە وەهمی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئاواتەکان بەرهەمدەهێنێ، لە چێوەیەکی حیزبایەتی تەسک و دژایەتی ئەوی دیکە بۆچوونەکان، گەمژەیی وەک شکۆ و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان دادەڕێژێتەوە، مەبەست لێی، پاراستنی بەرژەوەندی کەمینەیەکە لە سەر حیسابی زۆرینەیەکی گەمژێندراو.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP