دواین هەواڵ

تێگەيشتن لە ئيسرائيل

‌رەنج نەوزاد

4 کاتژمێر پێش ئێستا

 
لە بزوتنەوەی زايۆنيست چەندين ڕێباز و بۆچوونی جياواز هەبوو سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئيسرائيل. دوو لە سەرەکيترين ڕێبازەکان، ڕێبازی زايۆنيستی ھێرتسل یان هەندێک جار پێی دەڵێن زايۆنيستی زانستی، کە دواتر لە لایەن بن گۆريۆنەوە تا دامەزراندنی ئيسرائيل نوێنەرایەتی و ڕابەڕایەتی دەکرا. بەرانبەر بەوە زايۆنيستی ئيسڵاحی (Zionist-Revisionism) سەری هەڵدا لە لایەن زێیڤ جابۆتینسکی، جوویەکی ئۆکرانی بوو. لە ساڵانی بيستەکانی سەدەی ڕابوردووەوە ناکۆکیيەکی فکری گەورە هەبوو لە نێوان بن گۆريۆن و جابۆتينسکی. بن گۆريۆن زیاتر بيرکردنەوەیەکی چەپ و سۆسياليستی هەبوو، جابۆتينسکی ڕاستڕەو بوو. بن گۆريۆن سياسەتێکی پراگماتيکی پەيڕەو دەکرد، پێی وابوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان پێويستە هەموو ئامرازەکان بە پێی کات و بارودۆخ بەکاربهێنرێن. بۆ نموونە هەندێک کات ئامرازی سەربازی گرنگە، بەڵام لە بارودۆخی تر دبلۆماسيەت و ئابووری و ڕێککەوتن و سازش بەرانبەر بە دەستکەوتی گەورەتر گرنگە. ئەو پێی وابوو دەوڵەتی ئيسرائيل پێويستە بە پڕۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاو، بە شەڕ و بە دبلۆماسی و رێککەوتن بێتە دی، نەک تەنيا شەڕ و هێز. باوەڕی بەوە هەبوو مەرج نييە تەنيا بە شەڕ لەگەڵ عەرەبەکان مامەڵە بکرێت، بەڵکو لەپاڵ شەڕ، پێويستە هەوڵی رازيکردنی ئەوان، کڕينی زەوی و ماڵەکانيان وەک ئامراز بەکاربێت. 

لەبەرانبەردا جابۆتينسکی پێی وابوو هەوڵدان بۆ قەناعەتپێکردنی عەرەبەکان و ئامرازەکانی دبلۆماسيەت و ئابووری و تەماح خستنە بەردەم عەرەبەکان بۆ قبوڵکردنی دەوڵەتی ئيسرائيل... کات کووشتن و بێ سوودە. ئەوەی کە گرنگە تەنيا بەکارهێنانی هێزە. پێیوابوو جگە لە بەکارهێنای هێز و بردنەوە لە جەنگ و ناچارکردنی عەرەبەکان، هەرگيز دەوڵەتی ئيسرائل دانامەزرێت. دەستەواژەی ديواری ئاسنينی داهێنا (The Iron Wall)، وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ سەربەخۆیی ئيسرائيل. مەبەست لە ديواری ئاسنين، درووستکردنی ديوارێک نييە لە نێوان ئيسرائيل و عەرەبەکان، بەڵکو ديوارێکی دەروونی و فکرييە. واتە عەرەبەکان هەموو هيوایەک لە دەست بدەن لەوەی دەتوانن بە هێز لە جووەکان ببەنەوە یان دەتوانن ڕێگريان لێ بکەن لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئيسرائيل. بە کورتی، مەبەستی لەوە بوو جووەکان دەبێت لە ڕووی هێزەوە زۆر لە عەرەب بەهێزتر و بەتواناتر بن، بە ڕادەیەک هەموو عەرەب دڵنيا بێت کە ئيتر بە شەڕ ناتوانن لە جووەکان ببەنەوە. تەنيا بەم هەنگاوە دەتوانرێت دەوڵەتی ئيسرائيل درووستبکرێت. 

لە ١٩٤٠ جابۆتينسکی دەمرێت، بەڵام تێڕوانينەکانی دەمێنێتەوە و لایەنگرانی بەردەوامی پێدەدەن، یەکێک لە لایەنگرە ناسراوەکانی مناحم بێگن بوو، ئەمڕۆش ڕاستڕەوەکان تا ڕادەیەک لایەنگری ئەون. لە ٤٨ ئيسرائيل سەربەخۆ دەبێت و بن گۆريۆن جگە لەوەی دەبێتە یەکەم سەرۆک وەزيران، دەبێتە ڕابەری درووستکردنی بنەماکانی دەوڵەتە نوێيەکە. بن گۆريۆن باوەڕی بە هەبوونی یەک سوپا، یەک هەواڵگری و یەک حکومەت هەبوو. سوپا و هەواڵگری لە لایەن حکومەتەوە ئاڕاستە بکرێن، حکومەتيش لە لایەن خەڵکەوە دابنرێت، هەمووانيش ملکەچی دادگا و یاسای ئيسرائيل بن. یەکەم و سەرەکيترين  بنەمای ئەم دەوڵەتە، کە نابێت لێی لابدرێت ئەوەیە کە دەوڵەتی جووەکانە. لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئيسرائيل، هەر خۆشی بووە وەزيری بەرگری، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە درووستکردنی سوپا و عەقيدەکەی. پێش ٤٨ جووەکان چەندين ميليشيایان هەبوو، یەکێک لەوانە لایەنگرەکانی جابۆتينسکی بوون، بن گۆريۆن زۆر دژی هەبوونی ميليشيا بوو لە دەرەوەی سوپا، هەر بۆیە بڕياری دا هەموو ميليشياکان بێنە ناو سوپا. بەڵام ميليشياکەی لایەنگرانی جابۆتينسکی، بە سەرکردایەتی بێگن، سەرەتا ئەوەیان ڕەتکردەوە. ئەو ميليشيایە بڕیکی زۆر چەکيان کڕی لە دەرەوە، دەبوو بە کەشتی ڕەوانەی ئيسرائيل بکرێت، بن گۆريۆن فەرمانی بە سوپا کرد کەشتييەکە بکەنە ئامانج و رێگەی نەدەن بگاتە خاکی ئيسرائيل. ئەوە یەکەم نيشانەی دەرکەوتنی هێزی دەزگا و یاسا و حکومەتی مەدەنی بوو لە ئيسرائيل. هەر بۆیە لەو کاتەوە ئيسرائيل بووە خاوەنی یەک سوپا و هەواڵگری نيشتيمانی کە تەنيا فەرمانەکانی حکومەتێکی مەدەنی و هەڵبژێدراو لە لایەن خەڵکەوە جێبەجێ دەکەن. 

بن گۆريۆن عەقيدەیەکی سەربازیی بۆ سوپای ئيسرائيل داڕشت، زیاتر بەرگرييانەیە. بۆیە ناونرا سوپای بەرگری لە ئيسرائيل. سوپایەکی بەهێز و پێشکەوتوو و خاوەن عەقيدە بێت، هەموو هاووڵاتييەک بە کوڕ و کچەوە (جگە لە مسوڵمان و جووە دينييەکان) ناچارن خزمەتی سەربازی بکەن. لە کاتی جەنگ دەبێت بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە بە زووترين کات ببنە سوپا و بەرگری بکەن. ئامانجی سەرەکی ئەم سوپایە، پاراستنی ئەو دەوڵەتەیە لە لەناوچوون. دەبێت یەکێک بێت لە ئامرازەکانی ئەو دەوڵەتە، بە پێی پێويست بەکاربێت، نەک هێرش کردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و سەپاندنی هەژموونی بەسەر ناوچەکەدا. 

 لەبەر ئەوەی جووەکان گروپێکی  چەوساوە و بێ دەوڵەت بوون، ئامانجی سەرەکييان ئەوە بوو دەوڵەتێک درووست بکەن و پاشان ئەو دەوڵەتە بمێنێتەوە. بن گۆريۆن  زۆر لە ژێر کاريگەری ئەم تێڕوانينە بوو. بۆیە لە جەنگی  ٤٨ ئامانجی ئەوە نەبوو رۆژهەڵاتی قودس ئازاد بکات و ناوچەکانی تری کەناری خۆرئاوا و غەززە بگرێت. زۆر کات بۆچوونی وابوو کە پێويست ناکات ئيسرائيل بەرەو دەرەوە بکشێت، بەڵکو ئامانجی سەرەکی ئەوەیە ئەو دەوڵەتە بچووکە بپارێزێت و بمێنێتەوە. ئەو پێشکەوتنە گەورەیەیی ئيسرائيل هەیەتی لە بواری کشتوکاڵ، سەرەتاکەی هەر بۆ بن گۆريۆن دەگەرێتەوە. لەوەشدا بن گۆريۆن لە ڕەهەندێکی بەرگرييەوە تەماشای کشتوکاڵی دەکرد. پێی وابوو هەموو کات ئەگەر هەیە ئيسرائيل گەمارۆ بدرێت و هێرشی بکرێتە سەر، بۆیە دەبێت کشتوکاڵێکی پێشکەوتوو هەبێت بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بژێت، هاوکات سوپایەکی بەهێز کە ڕێگری بکەن لە داگيرکردنی ئيسرائيل. 

یەکێک لە بنەماکانی بن گۆريۆن بۆ عەقيدەی سەربازیی سوپا بريتی بوو لەوەی ئيسرائيل نابێت بچێتە هيچ هاوپەیمانێتييەکی سەربازييەوە (بۆ نموونە ناتۆ). ئەمە چەند مانایەکی هەیە: بڕياری جەنگ و ئاشتی تەنيا لای ئيسرائيل خۆی دەبێت؛ سوپای ئيسرائيل ناچار نييە بەشداری هيچ شەڕیک بکات لە پێناو دەوڵەت و نەتەوە و گروپێکی تر بە پاساوی هاوپەيمانێتی و دۆستایەتی؛ هيچ دەوڵەتێک مافی نييە داوا لە ئيسرائيل بکات بەرگری لێ بکات یان بەشدار بێت لەگەڵی لە شەڕێکدا؛ لە کاتی جەنگ و ئاشتی، ئيسرائيل بە تەنيا بڕيار دەدات، بێ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە ناچار بێت دەوڵەتێکی تر ئاگادار بکاتەوە و پرسی پێ بکات؛ ئەمە لەگەڵ تێڕوانينی بن گۆريۆن بۆ جەنگ دەگونجا. ئەو پێی وابوو ئيسرائيل پێويستە جەنگی ئيستيباقی و لەناکاو و خێرا بکات، واتە دەست بوەشێنێت و بەانبەر ناچاری سازش و دانوستان و کشانەوە بکات. لەم جۆرە جەنگانەدا دەبێت بڕيار و زانياری و جوڵەکان نهێنی بن، ئەگەر هاوپەيمان هەبێت، ئەوا ناچارە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و ئاگاداريان بکاتەوە، ئەمەش پڕۆسە نهێنييەکە ئاشکرا دەکات؛ عەقيدەی ئەتۆمی ئيسرائيل، تاکە دەوڵەتی خاوەن ئەتۆمييە پشت بە عەقيدەیەکی ناڕوونی ئەتۆمی دەبەستێت. بەو مانایەیی نە ڕايدەگەيەنێت خاوەن ئەتۆمييە، نە ڕەتی دەکاتەوە. ئەم ستراتيژی ئەتۆمييە کاتێک گونجاوە کە ئەو دەوڵەتە هيچ هاوپەيمانێتييەکی سەربازی نەبێت. واتە ناچار نييە بە کەس بڵێت چی هەیە و چی نييە. شایەنی باسە تا ئەمڕۆ ئيسرائيل تەنانەت هاوپەيمانی سەربازیی ئەمريکاش نييە.

بە گشتی بە پێی بن گۆريۆن، ئيسرائيل دەبێت سوپایەکی بەهێزی هەبێت، بەڵام بۆ بەرگری و بۆ هەندێک بارودۆخی تايبەت. ئەگەر ناچار بوو یان پێويست بوو بجەنگێت، ئەوا جەنگێکی خێرا و کورت بێت، پاشان زیاتر پشت بە ئامرازە نا سەربازييەکانی تر ببەستێت.  تا ئەمڕۆش عەقيدەی سەربازی و دەستەواژە و رێسا سەربازييەکانی ئيسرائيل تا ڕادەیەکی زۆر هەر ئەوانەی بن گۆريۆنن. تەنانەت لە کاتی هێرش کردنە سەر یەمەن و ئێران و چوونە ناو سوريا و لوبنان، سوپای ئيسرائيل زۆر کات دەستەواژەکانی "هێڵی پێشەوەی بەرگری" و"بەرگری لە دەرەوەی سنوورەوە" و"ئۆپراسيۆنێکی بەرگريیانە لە دەرەوە" بەکاردەهێنێت. تەنانەت کە ئاسمانی تاران لە لایەن فڕۆکەکانی ئيسرائيلەوە کۆنتڕۆڵکرابوو سوپای ئيسرائيل لە لێدوانە فەرمييەکانی هەر دەستەواژەی "بەرگری لە دەرەوەی سنوورەوە" و "ڕێگرتن لە هێرش"ی بەکاردەهێنا. چونکە بن گۆريۆن سوپای ئيسرائيلی لەسەر بنەمای بەرگری درووستکرد، عەقيدە و ستراتيژ و دەستەواژە سەربازييەکانيشی هەر هەمووی لەسەر ئەو بنەمایە بنياتناوە. 

لە کاتێکدا جابۆتينسکی پێی وابوو هێز دەبێت بەردەوام و یەک لە دوای یەک بەکاربێت، پێويستە ببێتە ئامرازی سەرەکی. لەگەڵ هەر ناکۆکييەک، پێويستە بە هێز بەرانبەر لەناوببرێت یا ناچار بکرێت. بن گۆريۆن پێی وابوو هێز دەبێت کەمتر بەکاربێت، تەنيا لە کاتی پێويست، یەکێک بێت لە ئامرازەکان. باوەڕی بەوە بوو لەگەڵ دووژمن جگە لە هێز پێويستە فێڵ و دبلۆماسيەت و ڕێککەوتن و مامەڵەی تر بەکاربێت. جابۆتينسکی دەيويست جووەکان لە ساڵانی سی و چلەکانی بە ئاشکرا شەڕ دژی بەڕيتانيا بەرپا بکەن بۆ دەرکردنی لە خاکی ئيسرائيل. بن گۆريۆن دەيوت پێويستە ئامانج و ويستەکانمان هەمووی بە ئاشکرا دەرنەخەين، لە هەندێک دۆخ دەبێت هاوکاری بەڕيتانيا بکەين و خۆمان وەک هاوپەيمانيان پێشان بدەين، لە دۆخی تر هێرش دەکەينە سەريان. بن گۆريۆن باوەڕی بە یاسای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان نەبوو، دەيوت ئيسرائيل ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت و دەتوانين بيکەين، نەک جيهان و یاسای نێودەوڵەتی، بەڵام وای پێشاندەدا کە باوەڕی بە یاسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە. لە ١٩٥٢ بن گۆريۆن قبوڵی بوو قەرەبوو لە ئەڵمانيا وەربگرێت بەرانبەر بە هۆڵۆکۆست، چونکە پێی وابوو ئيسرائيل دەوڵەتێکی نوێيە و پێويستی بە داهاتە، ئەمە مانای ئەوە نييە لە هۆڵۆکۆست خۆش دەبن. لایەنگرانی جابۆتينسکی دژایەتييەکی زۆری بن گۆريۆنيان کرد و دەيانوت وەرگرتنی قەرەبوو واتە لێخۆشبوون لە ئەڵمانيا. 

لەگەڵ ئەو ناکۆکيانە، کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش هەبوو لە نێوان بن گۆريۆن و جابۆتينسکی، هەردووکيان لە ڕووی فکرييەوە تەواو عەلمانی بوون، لە ئامانجی سەرەکی کە درووستکردنی ئيسرائيل بوو، تەواو هاوڕا بوون، بەڵام لە ئامرازەکان جياوازييان زۆر بوو. یەکێک لەو بابەتانەی کە جابۆتينسکی باوەڕێ پێ هەبوو، پاشان هەر لە لایەن بن گۆريۆنەوە، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە جابۆتينسکی بکات، ناوەرۆکەکەی تاڕادەیەکی زۆر کرا بە پرنسيپێکی جێگيری ئيسرائيل، ئەويش بريتی بوو لە ديواری ئاسنين کە ناونرا دەستەواژەی چاوترسێن (ردع- deterrence). بەو مانایەیی یەکێک لە پرنسيپەکانی ئيسرائيل بريتييە لەوەی هەر دەوڵەت و لایەنێک هێرش بکاتە سەر ئيسرائيل ئەوا لە وەڵامدا ئيسرائيل زیانێکی زۆر گەورەتر و فراوانتر و وێرانکەرتر لەو لایەنە دەدات. ئەمەش وا لە هەمووان دەکات یان بترسن و ئەو کارە نەکەن، بەڵام ئەگەر کرديان ئەوا زیانێکی زۆر قوورسيان بەردەکەوێت یان وێران دەکرێن. بۆ نموونە فەڵەستينييەکانی کەناری خۆرئاوا دەزانن وێران دەکرێن، بۆیە شەڕ ناکەن. ئەوانەی غەززە شەڕيان کرد، بۆیە وێران کران. هەر بۆیە ئێستا غەززە دەيەوێت ئاگربەست بکات و بچێتە دۆخی کەناری خۆرئاوا. ئێران و حيزبوڵا دوای ئەو زیانە گەورەیەیی بەريان کەوت، ڕازی بوون بە ئاگربەست، نەک تۆڵەکردنەوە.  رەدع کە بە تەواوی پشت بە هێز دەبەستێت، ويست و پيلانی سڕينەوەی ئيسرائيلی لەناوبرد و کردييە کابوس.

ئەم دوو تێڕوانينە تا ئەمڕۆ درێژەیان هەیە لە ئيسرائيل، بێ گومان ئەوەی بن گۆريۆن ديارتر و بەهێزترە، چونکە بووە بە بنەما و پێکهاتە و یاسای دەوڵەتی ئيسرائيل. هاوکات تێڕوانينی جابۆتينسکی، بە تايبەت لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە زۆر زیاتر دەرکی پێدەکرێت. نەتانياهۆ بە گشتی، لە زۆربەی ژیانی سياسی خۆی، زیاتر نزيک بووە لە تێڕوانينی بن گۆريۆن، واتە بەکارهێنانی چەندين ئامراز، یەکێکيان هێزی سەربازييە، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان. لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ئيسرائيل تا ڕادەیەکی زۆر تێڕوانينی جابۆتينسکی هەیە.

 ئيسرائيلی ئێستا لە چەندين ڕووەوە بنەماکانی بن گۆريۆنی گۆڕيووە، بۆ نموونە نزيکەی دوو ساڵە ئيسرائيل بە ويست و پلانی خۆی بەردەوامە لە جەنگ. لە چەندين بەرەوە دەجەنگێت، ستراتيژی سوپاکەی لە بەرگرييەوە گۆڕاوە بۆ هێرش بردن. لە کاتێکدا بن گۆريۆن پێی وا بوو ئيسرائيل دەبێت هەوڵبدات جەنگی کورت خایەن بکات، تا پێی بکرێت لە یەک بەرەوە شەڕ بکات، هەر وەها ستراتيژی بەرگری هەبێت. جگە لەوە، ئامرازی سەرەکی بووە بە هێز، نەک دبلۆماسيەت و ڕێککەوتن. لەگەڵ ئەو هەموو سازشەی جۆلانی سوريا، ئيسرائيل جارێ ئامادە نييە بەرەو ڕێککەوتن بڕوات و هەر ئامرازی سەربازی بەکاردەهێنێت لە سوريا. 

لە  دوو خاڵی تر ئيسرائيلی ئەمڕۆ تەنانەت لەگەڵ تێڕوانينی جابۆتينسکیش جياوازە، بۆ نموونە جگە لە بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی سەرەکی، پڕۆژە و پلانی هەژموونی هەیە لەناوچەکە، واتە بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی بەردەوام و زۆر دوور لە سنوورەکانی ئيسرائيلەوە، ئەمە جابۆتينسکی بيری لێ نەکردبووەوە. بێ گومان هۆکاری سەرەکی ئەوەیە جووەکان و ئيسرائيلی ئێستا لە ڕووی هێز و تواناوە براورد ناکرێت لەگەڵ ئەوەی سەردەمی جابۆتينسکی و بن گۆريۆن. خاڵی دووەم ئەوەیە ئيسرائيلی ئێستا زايۆنيستی ئاينی زاڵە بەسەريدا، نە بن گۆريۆن نە جابۆتينسکی زايۆنيستی ئاينی نەبوون، بەڵکو تەواو عەلمانی بوون، زیاتر وەک نەتەوە سەيری جووەکانيان دەکرد، نەک وەک ئاين. 

ئەم گۆڕانکارييانە لە ديدی ئيسرائيل بۆ ناوچەکە و بۆ خۆی بووە و دەبێتە مایەیی گۆڕانکاری گەورە لە سياسەت و هاوکێشەکانی ناوچەکە. بە پێی پێدراوەکان، ئايندەی ئيسرائيل، لە سياسەتی دەرەوە، لە زۆر ڕووەوە بن گۆريۆن تێدەپەڕێنێت و لە هەندێک ڕووەوە نزيک دەبێتەوە لە جابۆتينسکی، لە هەندێک ڕووی ترەوە ئەويش تێدەپەڕێنێت. بەڵام لەناوخۆ و لە هەندێک بواری سياسەتی دەرەوە، بە ئەگەری زۆرەوە بنەماکانی بن گۆريۆن بە گشتی هەر دەمێننەوە، وەک سەروەری یاسا و دادگا لەناوخۆ؛ سوپایەکی بەهێز لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی مەدەنی، نەچوونە هيچ هاوپەيمانێتييەکی سەربازیی. سيکۆلاريزم، وەک بنەمایەکی بن گۆريۆن، ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە بەرانبەر بە تەوژمی بزوتنەوە و فکری دينی، بەڵام زۆر قوورسە سيکۆلاريزم لە ئيسرائيل گورزی بەهێزی بەربکەوێت. 

بە ئەگەری زۆرەوە، پێمان خۆش بێت یا نا، هاوڕا بين یا دژ، قۆناغی داهاتوو لە ناوچەکە، قۆناغی هەژموونی ئيسرائيلە. لە باکوری ئەفريقياوە تا سعودييە و یەمەن و ئێران و عيراق و تورکيا، دەستتێوەردان یان ڕۆڵی ئيسرائيل دەبينين. دەکرێت چەندين جاری تر تاران بۆردمان بکرێتەوە، عيراق یەک بڕياری نەتانياهۆی ماوە کە بەغدا وەک سەنعا و تاران و ديمەشق و بەيروت بۆمباران بکرێت و ئيغتيالاتی تيا بکرێت. جياوازی ئيسرائيل لەگەڵ ئەمريکا ئەوەیە، ئەمريکا لەگەڵ نەيارەکانی ماوەیەکی زۆر سزای ئابوری و دبلۆماسی بەکاردەهێنێت، ئيسرائيل خێرا و لەناکاو هێرش دەکات. سەلامی و باقری و حاجيزادە و نەسروڵا و هەنييە... نموونەیەکی بچوکن لە سەردەمی هەژموونی ئيسرائيل. ئەوانەی دژی ئيسرائيل دەبن، ئەگەر لەناونەبرێن، ئەوا لاواز دەکرێن و هەميشە لەبەردەم مەترسی هێرش و بۆردومانکردن دەبن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP