دواین هەواڵ

ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان لەنێوان بنیاتنان و چەواشەکاريدا

‌ئیبراهیم عەبدولحافز تۆفیق

1 رۆژ پێش ئێستا

ئۆپۆزسیۆن بە کۆمەڵێک کەس، لایەن، یان گروپێک پێناسە دەکرێت کە دژایەتی سیاسەت یان بڕیارەکانی حکومەتێک یان دەسەڵاتێکی دەکەن و هەوڵ دەدەن بەدیل یان ڕەخنەی بنیاتنەر لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دیموکراسیدا پێشکەش بکەن، لە سیستمە سیاسییە تەندروستەکاندا ئۆپۆزسیۆن پایەی ژیانی دیموکراسییە، نوێنەرایەتی دەنگێکی تر دەکات کە هاوسەنگە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی حکومەتدا و چاودێری ئەدای حکومەت دەکات و گوزارشت لە بیروڕای جۆراوجۆر دەکات، چەندین بژاردەی سیاسی بۆ هاوڵاتیان دابین دەکات بۆ بەرزکردنەوەی شەفافیەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی و گەیشتن بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنی بنیاتنەر بەدیل و چارەسەری واقیعی پێشنیار دەکات، ڕێز لە یاسا و دامەزراوەکان دەگرێت و هەوڵ دەدات سیاسەتێک دابڕێژێت کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات.

بەڵام کاتێک ئۆپۆزسیۆن لەم چوارچێوە بنیاتنەرە لادەدات و دەبێتە ئامرازێکی لەناوبردن، کێشەیەکی جددی سەرهەڵدەدات کە مەترسی لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسی دروست دەکات، لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای گەورەیی تەحەددیاتی بەردەم هەرێم، لەوانە شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکان و فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە بەناو ئۆپۆزسیۆن ئەمڕۆ قێزەونترین شێوەی هاندان و بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و چەندین جار هەوڵی دابەشکردنی ڕیزەکانی کورد دەدات، تەنانەت لە هەندێک کاتدا وەک ئامرازێک لە دەستی دوژمنانی مێژوویی کورددا، حکومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانێت لە ئازارەکانی هاووڵاتیانی کورد، هاوکات چاوپۆشی لەو هۆکارە ڕاستەقینانە دەکات کە ئەم واقیعە سەختەیان بەرهەمهێناوە. 

ئەم ئۆپۆزسیۆنە ساختەیە بۆتە دەنگێکی ناتەبا و شێواو، دەنگێک کە نە ئاواتەخوازەکانی گەل ڕەنگدەداتەوە و نە خەباتی ئەوانیش دەردەبڕێت، بەڵکو ئامرازێکە لە یارییەکی گەورەتردا کە ئامانج لێی تێکدانی قەوارەی کوردییە، کە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید و قوربانیدان دامەزرا، لە کاتێکدا بڕیارە ئۆپۆزسیۆن بەدیل پێشکەش بکات، بەڵام بۆمان دەردەکەوێت کە تەنیا ڕەخنە دەگرێت بەبێ پێشکەشکردنی چارەسەر یان پلانی جێبەجێکردنی ڕوون، نموونەی ئەمەش ڕەخنەکانیان لە بودجە و دابەشکردنی مووچە بەبێ پێشکەشکردنی پێشنیاری بودجەی بەدیل یان دیدگایەک بۆ چاکسازی دارایی.

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزی گشتی پشت بە هاندان و پەرەسەندن و زانیاری هەڵە و زیادەڕەوی و درۆی میدیایی دەبەستن، ئەمەش گوزارشت لە بەرپرسیارێتی نیشتمانی ناکات، بەڵکو ڕەنگدانەوەی خواستی نمایشێکی میدیاییە، نەک ئامرازی کاریگەری فشاری دامەزراوەیی، ئەمە جگە لە ناجێگیری هەڵوێستە سیاسییەکانيان، بەشێک لە حزبەکانی ناو ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش بەشداری حکومەت دەکەن، بەبێ هەڵوێست و پاساوی ڕوون، ئەمەش گومان لەسەر پابەندبوونیان بە پرەنسیپەکان و پڕۆژەی چاکسازییان دروست دەکات.

زۆرێک لەو هێزە سیاسیانە کەمتەرخەمن لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و تەنها سەرقاڵی ململانێی لایەنە دەسەڵاتدارەکانن، هەروەها سەرەڕای بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی شەقام بەدەست لاوازییەکی ڕوون لە پەیوەندی و ڕێکخستنی جەماوەریدا دەناڵێنن، لە ڕاستیدا کردەوەکانیان هەندێک جار لە ڕەخنەی یاسایی تێدەپەڕێت بۆ هاندان ئەمەش پێشێلکردنی یاساکانی بڵاوکردنەوە و خۆپیشاندانی ئاشتیانەی هەرێمە، بەو پێیەی چەندین جار بەبێ پاساوی دەستووری بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان دەکرد، و دزەپێکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی و تەنانەت ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بێ مۆڵەت کە زۆرجار بە توندوتیژی و تێکدان کۆتایی دێت ئەمەش متمانە بە ئۆپۆزسیۆن لاواز دەکات و دەیخاتە خانەی تێکدانی بە ئەنقەست.

ئۆپۆزسیۆن لە کوردستاندا دابەش بووە لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی دامەزراوەیی یان پەرلەمانی، و ئۆپۆزیسیۆنی میدیایی و جەماوەری کە چالاکوانان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەم ئۆپۆزسیۆنە سەرەڕای هەمەچەشنییەکەی، زۆرجار دوای چوونە ناو حکومەت پێگەی خۆی لەدەست دەدات، چونکە مەبەستی ڕاستەقینەی کە دەسەڵات و پارەیە ئاشکرا دەبێت و ئەدایان لەبری ئەوەی بزوێنەری چاکسازی ڕاستەقینە بێت، دەگۆڕێت بۆ دروشم و موزایەدەکردن.

یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاری ئۆپۆزسیۆن ڕێکدەخات و سنوورێکی ڕوون بۆ هەر لادانێک دادەنێت کە کاریگەری لەسەر سیستەمی گشتی هەبێت، لە ماددەی (226) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 سزای هەر کەسێک دیاریکراوە کە بە ئاشکرا سوکایەتی بە حکومەت یان دامەزراوە فەرمییەکان بکات، هەروەها سنووردارکردنی بڵاوکردنەوەی هەر ناوەڕۆکێک کە پێشێلی ڕەوشت یان سیستەمی گشتی دەکات بەپێی مادەی (٤٠٣) لە یاسای ئاماژە پێکراوی سەرەوە، لە یاسای خۆپیشاندانی ئاشتیانە لە هەرێمی کوردستان هاتووە، دەبێت مۆڵەتی فەرمی وەربگیرێت بۆ هەر خۆپیشاندانێک و هەڵگرتنی چەک یان بەکارهێنانی بڵندگۆی ئاژاوە دروستکردن قەدەغە دەکات، هەروەها یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ جەختی لەسەر قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی فەرمی یان نهێنی یان هاندانی توندوتیژی و ڕق و کینە بەبێ بەڵگەی یاسایی ڕوون کردەوە، ئەمە جگە لەوەی لە دەستووری عێراقی ساڵی 2005 لە ماددەی (38)دا هاتووە، کە ئازادی ڕادەربڕین لە سنووری یاسادا پارێزراوە، بەمەرجێک سیستەم و داب و نەریتی گشتی پێشێل نەکات.

لە ڕووی بەراوردکاری نێودەوڵەتییەوە، دەبینین وڵاتانی ئەوروپاش لەو سەرپێچیانە خۆش نابن کە ڕەنگە لەلایەن هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجام بدرێت، بۆ نمونە لە فەرەنسا و ئەڵمانیا خۆپیشاندان بڵاوە پێ دەکرێت یان چالاکوانێک دەستگیر دەکرێت ئەگەر داوای توندوتیژی بکات یان سوکایەتی بە دامودەزگاکانی دەوڵەت بکات، جیاوازی لێرەدا ئەوەیە کە میدیای سەربەخۆ لەم وڵاتانەدا ڕۆڵی ڕاستەقینە دەگێڕێت لە چاودێریکردنی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن، لە کاتێکدا ئێمە لە کوردستان ئەم جۆرە میدیا سەربەخۆیەمان نییە، ئەمەش وایکرد مەیدان بۆ میدیای ئۆپۆزسیۆن کراوە بێت بۆ هێرشکردنە سەر حکومەت بە شێوەیەکی گرژ و ئیستفزازی بەبێ چاودێری بابەتیانە یان پیشەیی و بەبێ پشت بەستن بە بەڵگەنامە و بنەمای یاسایی.

لە ژێر ڕۆشنایی هەموو ئەوانەی سەرەوە، ئەوە ڕوون بووەتەوە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەندێک جۆری ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی دیموکراسیدا ڕۆڵی خۆیان ناگێڕن، بەڵکو لەوە تێپەڕیوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئاژاوە و تێکدانی دامودەزگاکانی حکومەت و هەڕەشەکردن لە ئاشتی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ بەردەوامی ئەم ڕەفتارە نایاساییانە پێویستە حکومەتی هەرێم ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر بە جێبەجێکردنی توندی یاساکان بۆ کۆتاییهێنان بەو کارانە بە مەبەستی پاراستنی پێگەی شیاوی حکومەت لە میدیاکان و سۆشیال میدیا، و بەرزکردنەوەی شکۆی حکومەت و دامودەزگاکانی لەبەرچاوی خەڵکدا و پاراستنی هاوڵاتیان لە پشێوی و پلانی تێکدەر و وێرانکەری بەناو ئۆپۆزسیۆن و ئەو لایەنە دەرەکیانەی کە پشتگیریان دەکەن، لەبەر ئەوەی ئازادی ڕادەربڕین بە مانای تێکدان نییە و ئۆپۆزسیۆنی بنیاتنەر هەمیشە پێشوازی لێدەکرێت، ئەو کەسانەی کە هاندان و تێکدان وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکاردەهێنن، دەبێت بە توندی ڕووبەڕوویان ببنەوە بۆ ئەوەی هەرێم لەسەر ڕێگای سەقامگیری و سەروەری یاسا بمێنێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP