چاوەڕێ دەکرێت کۆنگرەکەی دەوحە، لەجیاتی سنووردانان بۆ ئیسرایل، زیاتر هانیبدات بۆ سووربوون و درێژەدان بەجەنگ و فراوانخوازییەکانی ئێستا و پیادەکردنی ئەونەخشەی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوکێشەکانی هێزو سیستمی ئەمنیی ناوچەکە دایرشتووە.
چونکەکۆنگرەکە، نەك هەرنەبووە سەکۆیەك بۆ هێز لەخۆنیشاندانێکی دەستەجەمعی وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو بووەگۆرەپانی تاقیکردنەوەی ئەو پەری ئەوەی وڵاتانی عەرەبی وئیسلامی دەتوانن لەبەرامبەر تەلئەبیبەوە بیکەن وئەنجامی بدەن. هاوکات لەگەڵ کۆنگرەی ناوبراویشدا، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆئیسرائیل و
ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی هاوبەش لەگەڵ ناتەنیاهۆدا، پەیامێكی روون وئاشکرابوو بۆ ئامادەبووان و وڵاتەکانیان کەئیسرائیل بەتەنها نییەو هەڵوێست بەرامبەر ئەو یەکسانە بەهەڵوێستگرتن دژ بەئەمریکا. بەکردەوە ئیسرائیل لەئێستادا لەهەرکات زیاتر بەشێکی جیانەکراوەی ئەمریکا پێکدەهێنێت .
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ کۆنگرەکەی دەوحە، جەختی لەهاوهەڵوێستی خۆی و وڵاتەکەیش لەگەڵ ئیسرائیل بەرامبەر جەنگی غەززە و کۆی ململانێی ناوچەکە دووپاتکردەوە. بەم جۆرەش کۆنگرەکە نەك هەر نەبووە فشار بەسەر هەڵوێستی ئەمریکاوە، بەڵکو تووندترو بێمنەتتری کرد، بەجۆرێك وەزیری ناوبراو ئاماژەی بەرۆڵی ناوبژیوانی قەتەر نەکردو تەنها داوای لێکرد درێژە بەرۆڵە بونیاتنەرەکەی خۆی بدات، بەپێچەوانەی کۆنگرەکەی دەوحەشەوە، حەماسی بە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە تۆمەتبارکرد. داوای یەکسەر ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتایهێنان بەچەکی ئەم رێکخراوەو خۆبەدەستەوەدانیشی کرد. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت، ئەگەر قەتەر دەخوازێت لەقۆناغی داهاتوودا رۆڵێکی هەبێت، دەبێت لەو چوارچێوەدا وێنای بکات و کاربۆ بەدیهێنانی ئەوئامانجە هاوبەشانەی ئیسرائیل و ئەمەریکا بکات.
مەسەلەی وەستاندنی جەنگ بەئاماژە پێشووەکان لەمێشکی خۆیی دەربکات. دژایەتی خۆشی بۆ هەرجۆرە دانپێدانانێك بەدەوڵەتی فەلەستیندا دووپات کردەوە، ئەویش بە پاساوی ئەوەی کارێکی لەوجۆرە خزمەتکردنە بەحەماس. دەربارەی ئایندەی غەززەش دەرگای بۆ ئیسرائیل سەبارەت بە جۆری مامەڵە لەگەڵ کردن و دیاریکردنی ئایندەی خاك ودانیشتووەکەی خستە سەرپشت.
کەچی سەرەڕای هەموو ئەوشتانە، لەبەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەکەی برادەراندا، داوای دووبارە سەرپێخستنەوەی هەوڵەناوکۆییەکانی ئەمەریکاو قەتەرو میسر بۆ ناوبژیوانی وکۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکات! کەلە نوکتەیەك زیاتر هیچی تر نییە، چونکە ئەمریکا بەکردەوە هاوپەیمانی هەمووکات و ستراتیژی ئیسرائیلە نەك ناوبژیوان بەتایبەتیش لەسایەی ئەم ئیدارەی ئێستادا. کۆی پرسی ناوبژیوانیش لەقۆناغی رابردوودا بەشێك بووە لەپێداویستیەکانی بەرێوەبردنی جەنگ و ململانێکان بەقازانجی تەلئەبیب نەك هەوڵێکی راستەقینە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی مام ناوەندی. بەدووریشی نابینم وەك ئەگەرێك، ئیسرائیل بەپاساوی بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس و بۆ سووکایەتیکردن بەکۆنگرەکەی دەوحەو نیشاندانی ناکاریگەربوونی و حساب بۆنەکردنی، هەوڵی دەستوەشاندنێکی نوێ لەیەکێ لەوڵاتانی ناوچەکەدا بدات.