دواین هەواڵ

کوردستانێکى خۆڕاگر لە ناو عێراقێکى لاوازدا

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەم دروشم نییە و بەڵکو ئەوەى تۆرقاڵێک ژیرانە سەرنج لە سەر حکوومڕانى 22 ساڵەى دەسەڵاتدارانى عێراق بکات ، دەبینێت وێراى سەروەت و سامان و دەستکەوتێکى بێ شومار لە ماوەى ساڵانى رابردوودا ، شار و پارێزگاکانى بەغدا و ناوەڕاست و باشوورى عێراق نەک هەر بچووکترین پێشکەوتن و گەشەسەندنیان بە خۆیەوە نەبینیووە ، بەڵکو  تەنها بە داهاتێکى سەدان ملیارد دۆلارى تەنها دەسەڵاتدارانى عێراق لە بەغدا نەیانتوانیووە بۆ چەند کاتژمێرێکى کەم کارەبا و هەتا ئاوى خواردنەوە بۆ خەڵکى خۆیان مەبەستم عەرەبەکانە بە شیعە و سووننەوە دابین بکەن ، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بە لاوازى و شکست و نەبوونى سەروەرى و بوونى  گروپ و تاقمى میلیشیایی و چەکدارى وەلائیی کە دەستیان بە سەر هەموو جومگەکانى دەسەڵاتى عێراقدا گڕتووە و وەک سێبەرێکى ڕەش و تاریک ڕێگەیان نەدا دیموکراسیی و فیدڕاڵى هەرەس بکات و هەموو بنەماکانى پێکەوەژیان و هاوبەشى و هاوسەنگیان شکست پێهێنا 
دەسەڵاتدارانى عێراق ؛ بە گەڕانەوە بۆ زێهنیەتى تاکڕەویی و ناوەندگەڕایی بە بێ گوێدانە ڕووداو و تراژیدیی وکارەساتەکانى مێژووى حکوومەتەکانى رابردووى بەغدا نەک هەر خراپتر لەوانیان کردووە و بەڵکو رۆژ بە رۆژ عێراق لەڕووبەڕووبوونەوەیەکى شەڕ وململانێ و ناوخۆیی ودەرەکى نزیکتر دەکەنەوە ، بەتایبەت لەگەڵ گەلێکى ڕەسەنى وەک کورد ، کە زیاتر لە یەک سەدەیە لەگەڵ ئەوەى بە زۆر و دوور لە ویستى خۆى بە عێراقەوە لکێنرا ، زیاتر لە 7 دەیە هەوڵى بە دیموکراسیکردنى سیستەمى سیاسى عێراق لە پێناو پێکەوەژیانێکى ئاشتیانە و فەرهەمکردنى مافەکانى گەلى کورد و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکانى تر دەدەات ، بەڵام دیارە و بەکردەوەش دەسەڵاتى فاشیزمى عێراق سەلماندوێتى بناغەى عێراق سەر دیکتاتۆرى و ستەمکارى و ڕەتکردنەوەى یەکترقبووڵکردن و ئاشتى دروستکراوە و هیچ ڕێگە چارەسەرییەک نەماوە جگە لە لێکترازان نەبێ و بە پێچەوانەوە ئایندەیەکى ڕەش و پڕنەهامەتیتر چاوەروانى دەکات 
ئێستا عێراقى نوێ بەڵام میلیشایی و فاشیزمى لە نێو قەیرانى سیاسى و ئابوورى و ئەمنیدا نووقم بووە ، ململانێی تایفى و نەتەوە کاریگەرى تەواویی لە سەر هەموو سێکتەرەکان حکوومڕانى داناوە ، لەگەڵ ئەوەشدا کوردستان وەک قەوارەیەکى دەستوورى و یاسایی بەردەوامە لە خۆڕاگرى و سەقامگیرى و پاراستى دەستکەوتەکانى خۆى وێراى هەموو فشارەکانى عێراق بەرامبەر بە کوردوکوردستان ؛ عێراق نەیتوانى و ناتوانێت سەڕەتایتترین خزمەتگوزارى پێشکەش بە خەڵکى خۆى مەبەستم عەرەبەکان پێشکەش بکات ؛ لە کاتێکدا حکوومەتى کوردستان هەموو رۆژێک پرۆژە و شێوازێکى جیاوز لە حکوومڕانى و خزمەتگوزارى و کرانەوەى بەرامبەر بە دونیایی دەرەوە پێشکەوش دەکات و دوورگەیەکى پڕ ئاشتى و سەقامگیر و پارێزگاریش لە پێکەوەژیانى ئاشتیانە دەکات لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا .
هەلومەرجى ئێستا ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، چاوەکانى لەسەر کردەوە هەڵسوکەوتەکانى عێراقە و لەگەڵ سەرهەڵدانى هەر قەیران و شەڕێکدا ، ئینجا ڕووى بێ توانایی لە بەڕێوەبردنى حکوومەتى عێراق ئاشکرا دەبێت ؛ لە بەرامبەریش هەرێمى کوردستان بە توانا دارایی سنووردار و فشار وگەمارۆیانەى عێراق کە لە سەر کوردوکوردستانیان لە ڕووى بودجە و مووچە دروستکراوە ، بەڵام بەتوانایی زیاتر وخۆڕاگر دەمێنێتەوە بۆ پاراستى ئاسایشى ناوخۆی خۆى وپەرەپێدانى ئابووریی و ئاوەدانى زیاتر و خۆى لەڕێگەى کرانەوە بەڕووى وەبەرهێنەران و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەوەى ئەمڕۆ بە ڕوونى وراستى  دەبینرێت ، کوردستان تەنیا بەشێک نییە لە عێراق ؛ بەڵکو ئەو هێزە کاریگەریە کە ئەوەى لە وێنەکەیدا دەمێنێتەوە لە بەردەم جیهاندا دەیپارێزێ ، بەدڵنیاییەوە بێ قەوارەى کوردستان ، عێراق نەک هەر لاواز و شپرزە دەبێت بەرامبەر بە قەیران ململانێ و ئاستەنگە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەڵکو ئاراستەکەى بەرەو تونێڵێکى تاریکترە .
بەدڵنییاییەوە ، کوردستان نەک هەر ئەم قۆناغە سەختەش دەرباز دەکات ، بەڵکو پشتیوانى زیاتریشى ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بەدەست دێنێت ؛ بەو پێیەى سەلماندوێتى کە داهاتوویەکى سەقامگیرە لە ناو ژینگەیەکى پڕ لە ئاڵۆزى و گێژاو و ململانێیەکاندا ، لەکاتێکدا دەسەلاتدارانى عێراق بەردەەم داهاتووییەکى چەقبەستوو و قەیران و دووبەرەکیی و بێ سەوەریی و بێ ئومێدى دایە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP