دواین هەواڵ

برایەتی گەلان لە چاویلكەی كوردایەتیەوە.

‌هەڵوێست میرانی

1 رۆژ پێش ئێستا

بەهۆی هێرشی سوپای عەرەبی سوریا بۆ سەر ڕۆژئاڤای كوردستان، لە مێدیا و پلاتفۆڕمەكانی سۆشیەل میدیا ڕەخنە  لە چەمك و فەلسەفەی (برایەتی گەلان) دەگیرێت. هۆكاری ڕەخنەكان بۆ ئەو بارودۆخە دەگەڕێتەوە كە لە ماوەی ڕابردوو بەسەر ڕۆژئاڤای كوردستاندا هات، کە خۆی لە خیانەت وهەڵگەڕانەوەی ئەو یەكە سەربازیانەی لە لایەن سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتیەكاتیەكانی غەیرە كورد لە ڕیزی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەگەڕێتەوە. 

لە ناو كورددا دوو ئاراستەی ئایدۆلۆژی لە دەرەوەی سنووری دەوڵەتی نەتەوەیی بە رەهایی بڕوایان بە چەمكی برایەتی هەیە.

یەكەمیان/ ئیسلامی سیاسی بە پشت بەستن بەو ئایەتەی قورئانی پیرۆز ((إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ)).
دووەمیان/ ئاپۆچییەكان لە ڕێگای تێزەكانی ئۆجەلانەوە كار بە چەمك و فەلسەفەی (برایەتی گەلان) دەكەن.

ئەوەی پەیوەندی بە ئاراستەی یەكەم هەیە، ئایەتی ئاماژە بۆ كراو برایەتی لە چوارچێوەی باوەڕداران (المؤمنون) چڕ كردۆتەوە، بەڵام تەواوكەری ئایەتەكە ڕێوشوێنەكانی برایەتییەكە ڕێكدەخات ((فَأَصْلِحُوا بَيْنَ أَخَوَيْكُمْ)). ئەم ڕێكخستنە هەموو موسڵمانان و باوەڕداران پابەند دەكات برابن و پارێزگاری لە برایەتیان بكەن. كەواتە برایەتییەكە دوو لایەنەیە و شەرت و مەرج ئەوەیە هەردوو لایەن پابەندی پاراستنی برایەتی نێوانیان بن و مافی یەكتر پێشێل نەكەن، هەر لایەنێك ئەو ئایەتە بقۆزێتەوە و پێشێلی مافی ئەوی تر بكات، ئەوكات چەمكی برایەتی هیچ مانایەكی نامێنێ، بەڵكو كار بەو بنەمایە دەكرێ كامەیان لە سەر حەقە.
وەك باسمان كرد ئەم ئایەتە باس لە برایەتی باوەڕداران دەكات، بەڵام ئەگەر لایەنی بەرامبەر خۆی بە باوەڕدار و موسڵمان بزانێت و لایەنەكەی تر بە جنۆكە و جولەكە و نەوەی شەیتان لە قەڵەم بدات، پرۆسەی داگیر كاری بە فتوحات و ژن بە سەبایە و ماڵ بە غەنیمەت بزانێ ئەوكات بەرگری كردنی لایەنی دووەم دەبێتە مافێكی شەرعی و یاسایی.

ئاراستەی دووەم پشتیوانانی چەمكی (برایەتی گەلان)ن، ئەم ئاراستەیە لە ڕیگای بارگاویی بوون بەو فەلسەفەیە بڕوایان بە دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە، بەو پێیە ناوەڕۆكی فەلسەفەكە پشتیوانی لە چارەسەری دیموكراتیك لە چوارچیوەی سنووری دەوڵەتان دەكات.

ئەو رەخنانەی ئاراستەی ئەو تێزە دەكرێن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەڕێز (ئۆجەلان) لە زینداندایە، سروشتی زیندان وایە ئازادی لە زیندانیان وەردەگیرێتەوە، كۆت و بەند كردنی ئازادی تەنها خۆی لە جەستە نابینێتەوە، بەڵكو فكریش زیندانی دەكرێت، ئەمە بۆ سەركردەیەكی وەك ئۆجەلان ڕاستە،  كۆمەڵێ ڕێكار لە زیندان دژ بە ئۆجەلان لە ماوەی زیندانی كردنی گیراونەتەبەر جیی گومانن، لەوانە لە 2011 ەوە تا 2019 ڕێگا بە پارێزەرەكانی نەدراوە بیبینن لە كاتێكدا 700 داواكاریان بۆ بینینی بەرز كردبوویەوە.

بۆیە نوسینی تێزێك لە زیندانی داگیر كەر، تیایدا دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ كورد بە چارەسەری پرسی كورد نەزانێت و ڕەتی بكاتەوە، لە بەرامبەردا پرسی چارەسەری بخاتە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە گومان هەڵدەگرێ كە ئەم فەلسەفەیە بیرۆكەی داگیركەرانە، یاخود بە ئیشراف و سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگری ولاتانی هەرێمی نوسرابێتەوە.

ئەم جۆرە لە پرسی چارەسەری خزمەت بەولاتانی داگیركەر دەكات و تەڵەیەكە دژی داخوازییە بنەڕەتییەكانی نەتەوەی كورد كە پرسی سەربەخۆیی یەو، كورد ناچار بە پاشەكشە لەو پرسە دەكات.

لە پاڵ ئەم دوو ئاراستەیە، ئاڕاستەیەكی تر هەیە كە هەڵگری بیری نەتەوایەتین و بڕوایان بە سەربەخۆیی كوردستان هەیە، یاخود بڵێین لەسەر شا رێگای كوردایەتین، ئەم ئاراستەیە دژی برایەتی گەلان و مافی گەلان نینە، بەڵكو بە پشت بەستن بە دیراسەی قۆناغەكانی دوای ڕێككەوتنامەی سایكس بیكۆ كە تیایدا بەردەوام كورد بێ بەشكراوە لە مافەكانی و بگرە لە چەندین قۆناغ ئینكاری لە وجودی كورد كراوە، ئەمەش ئەو  قەناعەتەی لای كوردایەتی درووست كردووە كە برایەتی گەلان ئەوكاتە بەدی دێ پرسی سەربەخۆیی كوردستان یەكلایی بێتەوە و كورد ببیتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەوكات برایەتییەكە لە سەر بنەمای ئایەتی ((وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا))، هەروەها بنەمای دراوسێیەتی باش (حسن الجوار) بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و دۆستایەتی نێوان نەتەوەکان بەدی دێت، لە ئاستی ناوخۆییش ئەو نەتەوانەی غەیرە كوردن لە چوارچێوەی دەوڵەتی كوردستان بە پێی دەستوور هەمان ئەو مافانەیان پێ دەدرێ كە بە هاوڵاتیەكی كورد دەدرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP