دواین هەواڵ

لەدۆخی ئاڵۆزی عێراقدا پێویستە کورد کار بۆچی بکات؟

‌دییە عەلی

03/08/2022

بە هەموو پێوەرێک عێراق لەئێستادا جگە لەوڵاتێکی شکستخواردوو هیچی تر نییە، بەو مانایەی نەسەروەری پارێزراوە و نە ئاسایشی تەواوە و نەدەتوانێ خۆی بەڕێوەببات و نە خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان دابین دەکات و نەدەشتوانێت رۆڵ بگێڕێت لەسیستمی نێودەوڵەتیدا، بگرە نەک هەر نەیتوانیوە رۆڵبگێڕێت، بەڵکو کێشەی بۆ سیستمی جیهانیش دروستکردووە.

لەدوای 10 مانگ لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هێشتا نەک حکومەت پێکنەهاتووە، بەڵکو هیچ ئاسۆیەک دیار نییە، تەنانەت هەندێ لایەن داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و جارێکی تر هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.

هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە سیاسییە ئێستای عێراق، کێشە ناوخۆییەکانی ناوماڵی شیعە خۆیانە، شەڕەکەش لەسەر کێکی دەسەڵاتە، ئەو دەسەڵاتەی کەلەرێگەیەوە دەیانجۆر قاچاخچیەتی و پارە پەیداکردن دەستدەخات.

هەرچی ڕەوتی سەدرە، لەدوای ئەوەی کە نەیتوانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وەک ئەوەی خۆی بانگەشەی بۆ دەکرد، دوای دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان، لەئێستادا هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە حکومەتی نوێ پێکنەیەت و کابینەکەی کازمی وەک خۆی بمێنێتەوە هەتا دەرفەتێکی گونجاو دەبێت و هەڵبژاردنێکی تر دەکرێتەوە، بەو هۆیەشەوە هەمان کورسیەکانی پێشوو یان کورسی زیاتر بەدەست دەهێنێت.

هەرچی ڕکابەرەکانی سەدرە، کە خۆیان لەچوارچێوەی هەماهەنگیدا دەبیننەوە، دەیانەوێت دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر، یان دوای چۆڵکردنی گۆڕەپانی پەرلەمان هەرچیان کردووە حکومەتی نوێ پێکبهێنن و کازمی دووربخەنەوە لە دەسەڵات، دوای ئەوەش یەکەم کارییان هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، چونکە چوارچێوەی هەماهەنگی دەنگیان زۆر زیاترە لەسەدر، بەڵام بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوە کورسییان کەمتر هێناوە، بۆیە ململانێکە لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا گەیشتتووەتە ئاستێک مەترسی پێکدادانی چەکداری یان شەڕی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە لەناو خودی شیعەکاندا، کە ئەمە بۆ ئێران پێشهاتێکی یەجگار خراپە، چونکە ئێران بەربەستی گەورەی بەردەم سەدر بوو، لەڕێگای بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی بۆ ڕێگریکردن لەپێکهێنانی حکومەت چونکە پێی وابوو بەو کارە، لایەنە شیعە وەلائییەکانی خۆی پەراوێز دەخرێن، مەترسی ئێران لەتێکچوونی تەواوەتی ماڵی شیعەیە، خۆ ئەگەر شەڕ ڕووبدات لەنێوان شیعەکاندا، ئەوکات هەم خۆیان لاواز دەبن و مەترسی لەدەستدانی حکومڕانیکردنی عێراقیان هەیە، بەوەش عێراق دەکەوێتە دەستی دوو پێکهاتەکەی تر، ئەوانیش سونە و کوردن، ئەمەش بەزیانی تەواوی ئێران دەشکێتەوە، چونکە لەسایەی حکومڕانی شیعەکاندا ئێران گەورەترین سودمەندە لەعێراق و بەدەیان ڕێگا پارە لە عێراق دەکێشێتەوە.

لەم دۆخەی کە عێراق تێی کەوتووە دەوڵەت بەهەموو مانایەک شکستیهێناوە، بەهێزترین لایەنی سیاسی عێراق ڕەوتی سەدرە، لەم دوواییانەدا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی دەستوری عێراقی کردووە، ئەو دەستورەی کە گرەنتی سەددەرسەدی دەوڵەتێکی فیدراڵییە و بنەمایەکی گرنگی فیدراڵییە، کاتێ دەستور لەبەردەم هەڵوەشانەوەدا بێت، واتە فیدراڵییەتیش کۆتایی دێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا گرنگە کورد داوا و کار بۆ کۆنفیدراڵی بکات، بەوەش هەنگاوێکی زیاتر لەخەونە لە مێژینەکەی نزیک دەبێتەوە.
د.عادل باخەوان دەڵێت، خۆم گفتوگۆم لەگەڵ خەزعەلی کردووە، ئەو وتویەتی هەتا کۆنفیدراڵی نەدرێتە کوردەکان عێراق سەقامگیر نابێت.
خەزعەلی یەکێکە لەسەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەگەر ئەو گەشتبێتە ئەو قەناعەتەی کۆنفیدراڵی بدرێتە کورد، ئیتر بۆچی سەرکردایەتی کورد کاری جدی بۆ نەکات؟
 لە جیهانیشدا چەندین دەوڵەتی فیدراڵی هەبووە بووەتە کۆنفیدراڵی بۆنمونە، بەر لەهەڵوەشانەوەیی یۆگۆسلاڤیا، (سلۆڤینا و کرواتیا)، لەساڵی 1989-1990، (سربیا ومۆنتینیگرۆ) لەساڵی 2000 سیستمەکەیان گۆڕی بۆ کۆنفیدراڵی. هەروەها کۆماری عەرەبی یەکگرتوو(میسرو سوریا)، لەساڵی  1958-1961 کۆنفیدراڵیی بوو.

بۆیە کاتێک کورد دەیەوێت لە فیدراڵیەتەوە بپەڕێتەوە بۆ کۆنفیدراڵی گرنگە کار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بکات و لۆبی بۆ ئەو پرسە بکات، چونکە پەرینەوە لەفیدراڵییەوە بۆ کۆنفیدراڵی پێویستی بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی هەیە، واتا کۆنفیدراڵی بەپێچەوانەی فیدراڵیەتەوە بەڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی دروست دەبێت، بەڵام فیدراڵییەت بەدەستوری وڵاتەکە دروست دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP