دواین هەواڵ

تێزی گەڕانەوە بۆ (حزبی دایک).. بەبیانووی یەکگرتنەوەی دوو باڵەکەی حزبی دیموکراتەوە

‌ئازاد جندیانی

22/08/2022

دوای دان وستانێکی دوورودرێژ، یەکشەممە ٢١\٨\٢٠٢٢ هەواڵی یەکگرتنەوەی دووباڵەکەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بڵاوکرایەوە. بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ڕێبەرایەتی و کادرو پێشمەرگەو هەوادارانی هەردوولا ئەکەم.

هاوکات ئەو ڕوداوە سیاسیەش ئەقۆزمەوەو ئەیکەمە بیانووێک تا لەبارەی یەکگرتنەوەی حزب و ڕێکخراوەکان؛ کە دوای لێک جیابوونەوەو ناکۆکی ناوخۆیی فیکری و سیاسی و کلتوری وھتد، بەداخەوە کە هەندێجار شەڕوشۆڕی درێژخایەن ویەکتر کوشتنیشی لێکەوتۆتەوە.

سەرلەنوێ یەکگرتنەوەو تێکەڵبوونەوە ؛ باسێکی جێ بایەخی سیاسی و مێژوویی تێکەڵ بە فیکرو ئایدۆلۆژیایە؛ چونکە لێک ترازانەکان؛ جگە لەڕەهەندی مێژووی ڕووداوەکان؛ ڕەهەندی سیاسی و فیکری وئایدۆلۆژی و کەسیشیان هەبووە یان وەک هۆکاری پاساودەر بۆ جیابوونەوە یان لێک جیابوونەوە بەکارهێنراون. تائەم ساتەوەختەش گێڕانەوەو باسکردنی لێکترازان و دەرهاوێشتەو لێکەوتە جیاجیاکانی؛ بەدیمەنە خوێناوییەکانیشیەوە بەردەوامە؛ کە من بۆ نەکولاندنەوەی برینەکان و هەروەها بۆ ئەوەی ژیان نەبەخشینەوە بە مشت ومڕەسیاسیە زبرەکانی سەردەمی لێک جیابوونەوەکان، بۆیە لەم وتارەمدا خۆم لەباسکردنی ڕووداوو لێکەوتەو کاریگەریەکانی جیابوونەوەکان بەدوورئەگرم؛ هەرچەندە بۆ ناسینەوەی ڕەچەڵەک و ڕەگی بەشێک لە دیاردەدزێوەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی کوردایەتی لەهەموو بەش یان پارچەکانیدا گەڕانەوە بۆ مێژووی ئەوسەردەمانە زۆرپێویستە؛ بەڵام بابۆ وەختێکی تری داهاتوو هەڵیبگرم؛ یان بۆ کەسانی تری لەمن شارەزاتر جێبهێڵم.

بەتەمام دەستەواژەی (حزبی دایک) وەک چەمک و ئاماژەو ناولێنانێک بۆ قۆناخی پێش کەرتبوونی حزبەکان بەکاربهێنم؛ کەدوای کەرتبوون و تائێستاش خاوەنی شوناسی (حزبی دایک )ن.

مەبەستم لە (حزبی دایک) ئەو حزبانەی کوردستانە؛ کە بەتایبەت لەکۆتاییەکانی جەنگی دووەمی جیهان دروست بوون و تائێستاش پێگەی خۆیان پاراستووە. لێرەدا بەڕوونی قامک ئەخەمەسەر دووحزبە مێژووکردو مێژووییەکەی کوردستان؛ حزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران (حزبەکەی پێشەوا قازی محەمەد) و پارتی دیموکراتی کودستان - عیراق (پارتەکەی بارزانی نەمر) چونکە بونیاتنانی ئەودووحزبە قۆناخێکی جیاکەرەوەبوو لەژیانی سیاسی کوردستان و وەرچەرخانیش بوو لە ستایلی حزبایەتی لە کوردایەتیدا. ڕەنگە هەر ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بووبێ؛ کە سەرەڕای یەکجارسەخت ودژوابوونی قۆناخی دوای دروستبوونیان؛ ئەو دووحزبە بەهەبوون و بەردەوامبوونی تائەمساتە وەختەی جیاوازییەکانیانیشەوە؛ ئەوساش و ئێستاش بەزیندوویی ماونەتەوە. ئاخر چی لەوەسەختتر بوو ؛ کە حزبەکەی پێشەوا ڕێبەرەکەی لە قەنارەئەدرێ؛ بەڵام دواتر حزبەکە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان تێهەڵئەچێتەوە، هەروەها بۆ پارتەکەی ژەنەڕاڵ بارزانیش؛ چی لەوە سەختتربوو؛ کە سەرۆکە دامەزرێنەرەکەی بەناچاری دوای کۆتایی کۆماری کوردستان؛ئەبێتە پەنابەر؛ بەڵام ئەو پارتە وەک چوارچێوەو کوانووی کوردایەتی لەباشوور؛ بوون و کارایی خۆی پاراست و لەوەش گرنگتر پێگەو ناوو کاریگەری سەرۆکی خۆشی بەمەزنی هێشتەوە.

ئەو دوو پارتە لەدامەزرانیانەوە بوونە( پارتی دایک )بۆ ھەموو ناونیشانەکانی تری حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی دواتر.ئەوەی لێرەدا بەخوێندنەوەی من زۆر جێی سەرنج و لەسەروەستانە بەتایبەت لەم نووسینەمدا ئەوەیە؛ کەلەبەر هەر هۆیەک بووبێ کەرت بوون و لێکجیابوونەوە لەپارتیش و لە حزبی دیموکراتیش ڕوویان داوە؛ کەلێرەدا تەنیا ئاماژە پێدان بەسەو جێی شەن وکەوکردنیان نیە؛ چونکە باسێکی فرەڕەھەندەو پڕلە ئاڵۆزییە؛ کە لە نووسینێکی ئاوادا جێی نابێتەوە؛ بەڵام لەگەڵ ئاماژە بەجیابوونەوەو پارچەبوونەکان پێویستە ئاماژە بە سەرلەنوێ یەکگرتنەوەکانیش بدەین. لەپرۆسەکانی جیابوونەوە لەناو ئەودوو پارتەدا؛ کە بە (پارتی دایک )ناودێرمان کردن؛ ئەوبەشانەی لێیان جیائەبوونەوە؛بەشێکی زۆر لە تێزە فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەمایەوەو زۆر لەخەسڵەت و میکانیزم و بچم و پەیکەرەی ڕێکخراوەیی (حزبی دایک) یشیان ئەپاراست.

هەروەها؛ دواجار ئەزموونی یەکگرتنەوەشیان؛ زوو یان درەنگ وەک گەڕانەوەبوو بۆ (ماڵەباوان). لەڕاستیدا؛ بەخوێندنەوەی من ئەو دیاردەو خەسڵەتە تایبەتمەندە؛ کە واپێ ئەچێ؛ لەبەر ھەر ھۆکارێک بووبێ؛ توێژەران گرنگیان پێ نەدابێ، لەکاتێکدا توێژەران و ئەوانەش کە بیرەوەریەکانیانی خۆیانیان ئەگێڕینەوە؛ بەدوورودرێژی سەبارەت بە جیابوونەوەکان نووسیوویانەو زۆر کنەیان تیاکردووە. بۆیە ئەگەر جیابوونەوەکان قووڵایی و پاساوی ئەوتۆشیان نەبووبێ، بەڵام لە یەکگرتنەوەدا ئەگەر بەکارھێنانی ئەو پەیوەستە (ژەنتیکیە گریمانەیی) کە دەرکەوتووە بەکاھێنانی دروست بێ.

جیابوونەوەکان، کە بەپێی تایبەتمەندییەکان ئەتوانم بە (ماڵکردن لە ماڵەباوان)یش ناودێری بکەم؛ لەهەندێ قۆناخدا وەک دیاردەیەکی ترسناکی لێهاتبوو کە دەرهاوێشتەو لێکەوتەو دەرەنجامە بوغرنج ومەترسیدارەکانی لەم نووسینەدا جێی باسکردنی نابێتەوە؛ کە بێگومان زۆر زەبری لە بزووتنەوەی سیاسی و لە خەباتی چەکداری و شۆڕش داوەو فەزای گشتی کوردستانی زۆر بە ڕق و تۆڵە ئاڵودە کردووەو زۆریش شێواندوویەتی؛بەئەندازەیەک؛ کەنەیاران و داگیرکەرانی کوردستان قازانجی زۆریان لێی کردووە؛ چونکە وەک ئەوەی تا ئێستاش هەرباس ئەکرێ و ئەووترێ پەرت بوونی کورد زۆر مەترسیدارە؛ کە سەرچاوەکەی پەرت بوون و کەرتبوونی حزبە سیاسییەکانی و بەریەک کەوتنی بەرژەوەندییە جۆراجۆرەکانە، بەڵام یەکگرتنەوەکان بەئاراستەی پێچەوانەی جیابوونەوە؛ گەڕانەوەبووە بۆ (ماڵەباوان) و گەڕانەوەبووە بۆ (حزبی دایک)؛ کەدواترینیان یەکگرتنەوەی هەردووباڵەکەی حزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە ( ڕۆژهەڵات ).

لەدیدی مندا ئەوەی لەم پرۆسەیەداو لەپرۆسە هاوچەشنەکانی ڕابردووی دوورونزیکی هەردوو پارتە دایکەکەشدا جێی سەرنج و بگرە کارکردنە لەسەر مەسەلەی گەڕانەوەیە بۆلای ( دایک ).

ناونانی پڕۆسەکە بە تێزی (گەڕانەو بۆ حزبی دایک) یان وەک ڕەهەندە سۆسیۆلۆژیەکە (گەڕانەوە بۆ ماڵەباوان) یاخۆ وەک ڕەھەندە سمبۆلیکەکەی گەڕانەوەیە بۆ (ڕەسەنایەتی و حزبی ڕەسەن). هیوادارم کەس ولایەنێک لەودەستەواژانە سەخڵەت نەبن، چونکە هەمیشە گریمانەیەک هەیە؛ کەبژاردەی گەڕانەوە بۆ (حزبی دایک) بژرادەیەکی قبوڵکراوترو شایستەترە لەهەر گریمانەیەکی تری لەبابەتی ( خۆهەڵوەشاندنەوە).

دواجار گەر چارەسەرکردنی ئەوقەیرانانەی؛ کە لەدەرەنجامی جیابوونەوەوە دروست ئەبن؛ ئەوا بەتۆخکردنەوەی خەسڵەتی (گەڕانەوە بۆدایک ) گەڕانەوە بۆ (گەرم وگوڕی) وەدیدێ؛ ئەوا هاوماڵبوونەوەو یەکگرتنەوە ساناتر دەستەبەر ێەبێ؛ بەتایبەت ئەگەر هەمووان بێ هیچ جۆرە هەڵاوێردنێک ؛ خوازیاری یەکماڵی و یەکڕیزیی بن. ئێستا واگریمان ئەکرێ؛ کە ئەمە پێشمەرجێکی سەرەکی سەرکەوتنە.

دواقسەم ئەوەیە؛ کە یەکجار گرنگە لەدەرفەتی لەو جۆرەی دوودێمۆکراتەکە ڕەخساندیان، ببێتە هاندەرو بیانوو بۆ کارکردن و ووڕووژاندنی گفتوگۆی فیکری وسیاسییانە سەبارەت بە تێزێکی نوێ و بوێرانە بۆ یەکڕیزبوونەوەی کورد، کە ئەویش تێزی ( گەڕانەوە بۆ حزبی دایک ) و ( تێزی گەڕانەوە بۆماڵەباوان ).


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP