دواین هەواڵ

دوو سەرە باس

‌ئازاد جندیانی

01/09/2022

یەکەم: ئەمڕۆ 31/8/2022، هەواڵی مردنی گڕباچۆڤی دواسەرۆکی سۆڤییەت و خاوەنی هەردوو جمکەتێزی (پرۆسترۆیکا و گلاسنۆست) ڕاگەیەندرا، هاتنەسەرکاری ئەو لەسۆڤییەت وردە وردە هەندێ ئاماژە دەرکەوتن، وەک سەربەخۆبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کۆماری نەتەوەکان لە یەکیەتی سۆڤیەت ودواجار ڕووخانی دیواری بەرلین و ئەوساش کۆتایی هاوپەیمانی سەربازی وارشۆ،

شارەزایان رووداوەکانی ئەو قۆناغەیان تەنیا لە ڕوانگەی ڕووخانی سۆڤییەت و بلۆکی کۆمۆنیستی، هەڵوەشانەوەی یۆگسلاڤیا و ڕووداوگەلی دواتریش لێکنەدایەوە، بەڵکوو رووداوێکی زۆر گرنگی نێودەوڵەتی و جیهانی بەدواداهات، کە ئەویش کۆتایی جەنگی سارد و کۆتایی سیستمی دووتەوەریی جیهان بوو، کە ئیتر لەو سەردەمدا ئەمریکا بووە سەرکردەی بێ ڕکابەری هەموو دنیا، ئێستاش قسەی گەرم و لێکدانەوە و بگرە بەرنامەی لەقسان گەرمتر لە هەموو بەرەکاندا لەئارادایە سەبارەت بە کۆتاییهاتنی سیستمی یەک تەوەریی و جارێکی گەڕانەوە بۆ دنیای چەند تەوەرەیی و بەهەمان ئەندازەش قسەوباسی زۆر لەبارەی سەرهەڵدانەوەی جەنگی سارد لەئارادایە ئەگەر دووبارەبوونەوەی مۆدێلەکەی سەردەمی سۆڤییەتیش نەبێ .بەدڵنیاییەوە کورد ناتوانێ ڕۆڵێکی ئەوتۆ لەو جەنگەدا بگێڕێ، بەڵام هەقە کە ئیتر بە بەراوردیش بێ هەڵسەنگاندن بکەین و بزانین چۆن کەڵک لەو کۆپییە نوێیەی جەنگی سارد و جیهانی فرە تەوەریە ببینین، ئەمە تەنیا ورووژاندنی باسێکە، کە ئەبێ ستراتیژییانە بیری لێ بکەینەوە.

دووەم: هەر ئەمڕۆ تاڵیبان لەئەفغانستاندا یادی یەکەم ساڵڕۆژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کردەوە، تاڵیبان ئەمڕۆ وەک هێزێکی سەرکەوتوو و بگرە وەک دەوڵەتێک لەشێوەی ئەمارەتێکی ئیسلامیدا خۆی دەنوێنێ و شانازی بەوەوە ئەکا کە گەورەترین و بەهێزترین دەوڵەت و هاوپەیمانی دنیای ناچار کردووە وڵاتەکەی جێبهێڵێ، هاوکات بەوەش خۆی هەڵدەکێشێ کە لەگەڵ ئامانج و دروشمەکانی خۆیدا و لەگەڵ جەماوەری خۆیدا ڕاستگۆبوو لەوەی کۆتایی بە (داگیرکاری) بهێنێ و لەسەر هەمان بنەمای ئەمارەتی ئیسلامیش دەوڵەتداری بگرێتەدەست،

روون نییە کە ئاراستەی رووداوەکان و مێژوو لەو وڵاتەدا و لەو زۆنە ئەتۆمییەدا چۆن دەبێ، ئامانجی ئەم کەرتەباسەشم ئەوە نییە، بەڵام با ئێمە تاڵیبان و سیستمی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای ئەوێشمان نەک هەر بەدڵ نەبێ، بەڵکوو با سەداسەدیش رەتی بکەینەوە کە لە راستیشدا زۆربەمان هیچ شتێکی بزووتنەوەکە و ئەمارەتەکەیان سەرنجی ئێمە راناکێشێ، بەڵام ئایا ناکرێ و بۆ ئێمە پێویست نییە کە لەپاڵ دۆزینەوە و لێکدانەوەی ئەوهەموو فاکتەرە دەرەکییەکانەوە لێکدانەوە و خوێندنەوە بۆ ئەو فاکتەرە خۆیی و ناوخۆییانەی تاڵیبان و ئەفغانستان و ئەمارەتەکەشیان بکەین هیچ نەبێ لەبواری توێژینەوەدا، ئەویش بەو ئامانجەی تا زۆر شتی نادیاری بەهێزی و لاوازی بدۆزینەوە کە لەو ململانێ و لەو هەموو بەرگرییە خوێناویی و پڕاوپڕ لە تیرۆر و دڕندەییەدا هەبوون و دواجار کاریگەرییان دانا؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP