دواین هەواڵ

٣/ ١٠ /١٩٣٢ ڕۆژی جاڕدانی نێودەوڵەتی داگیرکردنی کوردستانە

‌ئازاد جندیانی

03/10/2022

سبەی ( ٣ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ )؛  ساڵڕۆژی بەئەندامبوونی دەوڵەتی عیراقە لەکۆمەڵەی گەلان ( ٣ /١٠ / ١٩٣٢ ) کە هاوکاتی کۆتاییهاتنی ماندێتی ( ئینتیداب ) ی بەریتانیایە بەسەر دەوڵەتی دروستکراوی پاشایەتی عیراق ؛کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان ؛ ئیدی لەوڕۆژەوە سەروەری وەدەستهێناو بووە دەوڵەتێکی تەواو سەربەخۆ .

بەڵام،  ئەو بۆنەیە بۆکورد لەباشووری کوردستان وبگرە بۆتەواوی کوردستان  ڕۆژێکی ڕەشە ؛ چونکە بوونی عیراق بە دەوڵەتێکی سەربەخۆو سەروەر و دانپیانراو لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە؛ ئیدی ئەمە بەمانای ڕەوایەتی بەخشینی ( ناڕەوای ) نێو دەوڵەتی بوو بەداگیرکردنی ئەو بەشەی کوردستان( باشوور ) و ئیدی لەوەبەدواوە  دەرگا لەسەر هەموو هەوڵ و داخوازیێکی کورد بەتەواوی داخرا ؛ کە وەک نەتەوەو نیشتمانێکی داگیرکراو داوای مافی سەروەربوونی خۆی بکا .نەک هەر هێندە ئیتر لەناو ئەو دەوڵەتەداو بەپشتیوانی بەریتانیاو دواتر زلهێزەکانی تریشەوە ؛ هەموو هەوڵێک چ بەنەرمی و چ بەئاگروئاسن و کوشتاریشەوە درا تا کورد؛  داگیرکردن و ژێردەستەبوون وەک قەدەرێکی سەپێنراوو چەسپاوی نێودەوڵەتی قبوڵ بکاو ڕێی توانەوە لەناو نەتەوەی عەرەبدا ( لەبەشەکانی تریشدا لەناو نەتەوەکانی فارس و تورک ) بەتاکە ڕێگای قبووڵکراو ببینێ . بەڵام خۆشبەختانە کورد ؛ بەهەموو شێوازەکانی بەرەنگاری و بەرخۆدان تا ئەم ساتەوەختەش ئەو قەدەرەی ڕەتکردەوە؛ هەرچەندە بەزۆر دۆخی توندوتیژو خوێناویشدا تێپەڕیووە .

لێرەدا ؛ ئەبێ ئاماژە بەوەش بدەم لەڕێکەوتنی ( لۆزان )ەوە ؛ کە بەهۆیەوە ( سیڤر) هەڵوەشایەوەو دواتریش بەریتانیاو کۆمەڵەی گەلان لە (١٩٢٦ ) دا لەسیناریۆیەکی گوماناویدا ویلایەتی موسڵیان بە دەوڵەتی دروستکراوی عیراقەوە لکاند و گرێدا؛ کە هەموو باشووری کوردستان بە کەرکوکیشەوە بەشێک بوو لە ویلایەتی موسڵی عوسمانی . بەڵام  بەدەر لە  کێشەی موسڵیش ،ناوچەکانی خانەقین و گەرمەسێر بەقازانجی عیراق یەکلاببووەوە ؛ چونکە ئەوناوچانە ( خانەقین و گەرمەسێر) سەربە ویلایەتی بەغدای عوسمانی بوون و بەشێک نەبوون لە دۆسیەی ( کێشەی موسڵ ) کە لەنێوان بەریتانیاو تورکیادا ماوەیەکی زۆر کێشمەکێش و هەروەها دان وستانی لەسەربوو .

لەڕاستیدا لەو مێژووەوە زەمینەسازی بێبەشکردنی کورد ( باشوور) کرابوو تا لە هەموو ئەو مافانە بێبەش بکرێ ؛ کە لە( سیڤر) داهاتبوون . بەڵام دواجار ؛ کە دەوڵەتی پاشایەتی عیراق ؛ بەجوگرافیای ئێستایەوە بەفەرمی وەک دەوڵەتێکی سەروەر دانی پێدانرا ؛ ئیتر کورد ( باشوور ) تادوای پتر لە هەفتاساڵ ؛ لەهەموو ڕەهەندە جیاجیاکانەوە لەژێرجەوروستەمی داگیرکردندابوو . بەڵام وەک جاری تریش ووتوومە ؛  ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ( ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧ )   تیۆرییەکی نوێی سەربەخۆیی باشووری کوردستانی بەرهەمهێنا ؛ کە تەفسیرکردنەکانی ئەوانی تری هەر لە ( کۆمەڵەی گەلان ) و( بەریتانیا ) و ( دەوڵەتی عیراقی ئەوساوە) تا تەفسیرەکانی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوشێوەکانی و عیراقی ئێستاو بەریتانیاو ئەمریکاو زلهێزەکانی تری دنیاو ناوچەکە ڕەتکردەوەو بەهەمووانی ووت : ئیتر کورد خۆی  بۆی هەیە مافەکانی خۆی تەفسیر وپێناسە بکا نەک ئەوانی دیکە.

بۆیە ؛ سبەینێ (٣ / ١٠ ) بۆکورد بیرهێنانەوەی ڕووداوێک و ڕۆژێکی شووم و تاریک ونەگبەتە و کەسیشمان ناچارنین لەدەرەوەی بۆنەیەکی کارەساتباردا یادی بکەینەوە . من خۆم بیرهێنانەوەی ئەو ڕووداوە ؛ وەک سەرلیستی ڕووداوە تراژیدییەکانی نەتەوەکەم  هەژمارەکەم و هەر ئەوەندە بەڕەوای خۆم ئەبینم کە نەفرەتی لێ بکەم ؛ چونکە ئەمە تۆماری داگیرکردنێکی نوێ چەشنی دڕندانەیە ؛ لەبابەتی تیۆرییەکەی مامۆستا بێشکچی ؛ کە ئەوستایلە لەداگیرکردن بە کۆلۆنیالزمی نێودەوڵەتی ناودێر کردووە .

ئەمە هیچ پەیوەندی و ڕایەڵێکی ئەخلاقی بۆ منی کوردو تۆو ئەوانی تری کوردەوە تێدانیە ؛ چونکە: 
ئەمە ڕۆژی جاڕدانی داگیرکردنی کوردستانە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP