دواین هەواڵ

خامۆشکردنی نەورۆز لە کەرکوک

‌سۆزان حەمە تاتە

09/01/2024

گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکوک لە 122 خانووی گەورە پێکهاتووە و بەپێی زانیاریی راگەیاندنەکان 172 خێزانی کوردی تێدا نیشتەجێن، ئەو گەڕەکە کاتی خۆی لەلایەن رژێمەکەی سەدامەوە بۆ کەسانی نزیک لە خۆیان و دارودەستەکانیان دروستکراون، بەڵام رووخانی رژێمەکە و ئازادکردنی کەرکوک، ئەو خێزانە کوردانە تیایاندا نیشتەجێکراون، وا بۆ چەندین جارە سوپای عیراق هەڵدەکوتێتە سەریان بەمەبەستی دەرکردنیان و نیشتەجێکردنی خەڵکانی دیکە لە جێگەیان، دەیانەوێت دیسانەوە کوردی کەرکوک ئاوارە بکەنەوە.

بیانووی سوپا بۆ دەرکردنی کوردەکان و گۆڕینی ناوەکەی، رەهەندێکی سیاسیی شۆڤێنیی هەیە نەک وەرگرتنەوەی موڵک و ماڵی دەوڵەت، چونکە ئەو خانووانە هەم لەسەر زەویی کورد دروستکراون و هەم بە پارەی نەوتی کورد و هەمیش بەمەبەستی تەعریب پێشتر بەعسییەکانی تیادا نیشتەجێکراون، هەوڵی ئەوجارەشیان هەر بۆ درێژەدانە بە پرۆسەی تەعریبی نوێ کە زۆر مەترسیدارە.

سەردەمی راکان جبووری سەردەمێکی رەشە بۆ کورد، بەئاشکرا پرۆسەی تەعریب بەڕێوەدەبات و بیانووی یاسایی- شۆڤێنی لەسەر دەخاتەڕوو، لاوازی کوردیش لە چەند ساڵی رابردوودا وایکرد ئاسان زۆر کاری قورس بکات و عەرەبیش بە سوننە و شیعەیانەوە کۆکن لەسەر هەنگاوە شۆڤێنییەکانی.

کەرکوک چاوی تورکیاشی لەسەرە و تورکمانی کردووەتە بیانوو بۆ دروستکردنی قورسایی خۆی لەسەر ئیدارەی شارەکە، هەمووشیان پێکەوە دژی کوردن، مەترسیی گەورەتریش لەوانە ئەوەیە هێزەکانی کوردستانی پەرتەوازەن و بیانووی لاوازیان هەیە بۆ دایەتیکردنی یەکتر و زۆرجار ئەسڵی دۆزی کوردیان لە کەرکوک بیردەچێتەوە، ئەوەش بۆ نەیارەکان دەرفەتێکی زێڕینە.

بۆ رێگرتن لە چۆڵکردنی گەڕەکی نەورۆز و خامۆشکردنی ئاگر و سڕینەوەی ناوەکەی، ئەرکی راستەقینە بەکارهێنانی هەموو کارتەکانی دەستی کوردە بە کشانەوەشیانەوەیە لە پرۆسەی سیاسیی عیراق، چونکە ئەو پرۆسەیە پەیوەندیی بە گەڕەک و چەند خانوویەکەوە نییە، بەڵکو تەعریبی نوێیە و رێی لێ نەگیرێ بەزوویی بۆ زۆر گەڕەک و ناوچەی دیکەش پەرەدەسێنێ و دواتر ناتوانرێ رێی لێ بگیرێ.

ئیتر کاتی کۆتاییهاتن بە لێکترازانی کورد لە کەرکوک هاتووە، پێویستە لیستی کوردی هاوبەش و فراکسیۆنی ناو ئەنجومەنی پارێزگایان هەبێت و هەموو هەوڵێکبدەن بۆ بەهێزکردنەوەی کورد و رێگرتن لە تەعریبی نوێ، ئەگەر ئەوە نەکەن گڵۆڵەی بەختی کورد زیاتر دەکەوێتە لێژی و عەرەبیش لە داهاتووی نزیکدا دەبێتە زۆرینەی شارەکە. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP