دواین هەواڵ

هەڵەبجە لەناو زام وجینۆسایددا

‌سۆزان حەمە تاتە

16/03/2024

وەکو شارو هەڵەبجەییەکان وەکو خەڵکەکەی چەند شتێکیان پێویستە کە دەبوو پێشتر بۆیان بکرایە:

یەکەم: لەدوای گۆڕینی ناونیشانی کارگێڕیی هەڵەبجە بە پارێزگای هەڵەبجە ، هەرزوو دەستبکرایە بە ئاوەدانکردنەوەی‌و کردنی بەشارێکی نموونەیی، سەوزکردنی، دروستکردنی ژینگەیەکی جوان بۆی، رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی بە گووندەکانیشییەوە، دەبوو دەمێک بوو کرابووایە، کە تائێستا کەمترینی ئەو ئەرکانە جێبەجێکراون،

ئەوا مافی خەڵکی هەڵەبجەیە رەخنە بگرن و داوابکەن چیتر شارەکەیان لەو فەرامۆسییەدا نەمێنێتەوە.

دووەم: ئارامکردنەوەی لایەنی دەروونی هەڵەبجەییەکان بەگشتی و کەسوکارەکانیان بەتایبەتی ئەرکێکی لەپێشینە و هەنووکەییە، دەبوو ئەو ئەرکەش بە باشی جێبەجێ کرابووایە، بەداخەوە ئەویش وەکو پێویست نەکراوە، ئیتر دەرفەتی دواخستنی زیاتری نەماوە. لەگەڵ ئەوەشدا دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق دانی بە جینۆسایدکردنی هەڵەبجەدا ناوە، ئەو بڕیارە ئەرک دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عیراق قەرەبووی مادی و مەعنەویی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان بکاتەوە، بەڵام دیسانەوە ئەو ئەرکەش جێبەجێ نەکراوە.ئەوەش ئەرکی نوێنەرانی کوردبوو کە فەرامۆشکراوە ...



بەتەنیشت ئەوانەیشەوە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە زۆر چاوەڕوانی حکومەتی عیراق لە جێبەجێکردنی هەندێک لەو ئەرکانەدا نەکات بەتایبەت لە بابەتی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، پێبەخشینی سیمایەکی جوان و دڵئارامکەرەوە، هەرهیچ نەبێ وەزارەتی شەهیدان و چەند بەرێوبەرایەتیکی لەوێ بکردایە تەوە بەشێوەیەک لەڕووی کوالێتی شار و ژیانەوە هاوتای شارە هەرە جوانەکانی جیهان بێت...



هەڵەبجە، رۆژ و مانگ و ساڵەکانی تەمەنی بەشێکی زۆری خەڵکەکەی پێشکەش بە کوردستان کرد، لە بەرانبەر ئەو بەخشینەدا حکومەت و زۆرینەی سەرکردەکانی، دامەزراوەکانی، تەنها چەند رۆژێک هەڵەبجەیان بیردەکەوێتەوە ئەویش بە دەرکردنی بەیاننامە و بڵاوکردنەوەی پەیام کە لای زۆرینەی هەڵەبجەییەکان هیچ گرنگییەکی نییە.

ئەوەی لە هەمووی ناخۆشترە زۆرێک لە سەرکردە و بەرپرسەکان جینۆسایدی هەڵەبجە بە (زام- برین) ناودەبەن کە ئەوەش دیسانەوە بە کەم سەیرکردنی قەبارەی قوربانیان و جینۆسایدەکەیە، لەکاتێکدا دەبوو بە بڕیاری رەسمی ئەوە بچەسپێنرایە کە دەبێت (جینۆسایدی هەڵەبجە) بەکاربهێنرێت، بەپێچەوانەیشەوە سزای تووندی لەسەر دابنرایە.

زام و جینۆساید زۆر جیاوازن، شوێنەکانیشیان جیاوازە، قوربانییەکنیشیان جیاوازن، بۆیە ئەرکە بەکارهێنانی وشەی زام لەگەڵ جینۆسایدی هەڵەبجە قەدەغە بکرێت، ئەوە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نەتەوەیی و ئاکارییە.

ئەوە وامان لێدەکات بەرپرسیارێتییەکی گشتی بکەوێتە سەرشانمان، پێکەوە ببینە بەشێک لە ئێستا و داهاتووی هەڵەبجە، بەشێوەیەک خەڵکی هەڵەبجە هەست بە تەنهایی نەکەن، بەڵکو پێکەوە خاوەندارێتی لە جینۆسایدی هەڵەبجە بکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP